سویسرا: ئێران و ئەمریکا دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەست بە دانوستان دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی لە هاوینەهەواری بورگنستۆک، یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ دەکرێت و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە شاندەکانی هەردوو وڵات دەست بە دانوستانە دیپلۆماسییەکانیان دەکەنەوە.
دانوستان دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتن
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕایگەیاندووە، یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە هاوینەهەواری بورگنستۆک لە ناوەڕاستی وڵاتەکە واژۆ دەکرێت، بڕیاریشە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە ڕاستەوخۆ شاندەکانی تاران و واشنتن هەر لە سویسرا دەست بە دانوستان بکەن.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت: "چەندین ڕۆژە لە پەیوەندیی نزیکدان لەگەڵ ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر بەمەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها ئاسانکاری بۆ هاتنی شاندەکان بۆ سویسرا".
ڕۆڵی سویسرا وەک ناوبژیوانی پرۆسەکە
وەزارەتەکە دەڵێت، بورگنستۆک لەلایەن نێوەندگیرەکانی پاکستان و قەتەر، هەروەها لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە پێشنیازکراوە، سویسرا وەک ناوبژیوانێک مامەڵە دەکات و هەلومەرجی پراکتیکی و دیپلۆماسیی پێویست دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوەببات.

گرنگیی مێژوویی و جوگرافیی بورگنستۆک
هاوینەهەواری بورگنستۆک دەکەوێتە شاری لۆسێرن لە سویسرا، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە میوانداریی دیپلۆماسیی جیهانی و وەک شوێنێکی ستراتیجی گرنگە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی، ئەوەش بەهۆی دابڕانی جوگرافی و ئاسان کۆنترۆڵکردنی ئاسایشەکەی، پێشتر لە ساڵی 2024دا لووتکەی ئاشتیی ئۆکرانیای تێدا بەڕێوەچوو.
ماوەی دیاریکراو بۆ گەڕی نوێی دانوستانەکان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی گوتووە، بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕاستەوخۆ دوای واژۆکرانی یاداشتی لێکگەیشتنەکە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا دەست پێ بکات، ئەو دانوستانانە لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆتایی پێ بهێنرێت.

هەڵوێستی ئێران بەرامبەر ئیسرائیل و لوبنان
عێراقچی گوتووشیەتی: "کۆتاییهاتنی شەڕەکە کۆتایی بە داگیرکردنی خاکەکانی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئێران هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و هەر داگیرکارییەکی بەردەوامی ئەو ناوچانە بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەزانێت".
شێوازی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە واژۆکراوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو واژۆکردنە بەشێوەی دیجیتاڵی بووە و ئەوەی بڕیارە ڕۆژی هەینی واژۆ بکرێت، لەسەر کاغەز دەبێت و لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا دەبێت.

2 کاتژمێر پێش ئێستا