عەلى زەیدى پاداشت و مووچەى مانگانەى ژمارەیەک میدیا و ڕۆژنامەوانى ڕاگرت

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرۆک هۆزەکانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرۆک هۆزەکانی عێراق

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، پاداشت و مووچەى مانگانەى ژمارەیەک لە میدیا و ڕۆژنامەوان و بڵۆگەرى ڕاگرت، کە لە سەردەمى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق، پارەیان بۆ خەرج دەکرا.

بەناوی پشتیوانیکردنی ڕاگەیاندن خەرجدەکرا

بە بڕیارى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەو پارە و هاوکارییە داراییانەى بەناوى پشتیوانیکردنى ڕاگەیاندن، لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بە سەرۆکایەتیی سوودانی، بە ژمارەیەک میدیا و ڕۆژنامەوان دەدرا، ڕاگیرا" کە مانگانە بڕەکەی دەگەیشتە نزیکەی سێ ملیۆن دیناری عێراقی، لە بەرامبەر بانگەشەیان بۆ سیاسەت و چالاکییەکانی حکومەت.

ڕاگرتنەکە کێ دەگرێتەوە؟

بڕیاری ڕاگرتنی دەستبەجێکە، ئەو پێدانە دارایی و دەرماڵانە دەگرێتەوە کە دراوە بە میدیاکاران، پێشکەشکارانی بەرنامەکان، دروستکەرانی ناوەڕۆک و تەنانەت هەندێک لە لایەن و دامەزراوە میدیایى و ڕێکخراوەکانیش.

جیاکردنەوەی کاری راگەیاندن لە کاریگەریی سیاسی

حکومەتەکەى زەیدى دەڵێت، لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە هەوڵدەدات بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجییە داراییە گشتییەکان و جیاکردنەوەی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانان،لە کاریگەریی سیاسی ڕاستەوخۆی حکومەت.

بڕیارەکە کاردانەوەی ناوەندە میدیاییەکانی لێکەوتەوە

بڕیارەکەى عەلى زەیدى کاردانەوەى جۆراوجۆرى لە ناوەندە میدیاییەکانلێکەوتەوە، ڕەخنەگرانی حکومەتی پێشوو بە هەنگاوێکی پێویستی دەزانن بۆ کۆتایهێنان بە "کڕینی دڵسۆزیی ڕاگەیاندنەکان" و کپکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەتی پێشوو ڕەتیانکردەوە ئەو پارانە وەک مووچەی مانگانەی کەسی بە مەبەستی بانگەشەکردن خەرج کرابێت.

هەنگاوەکەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕێکارە چاکسازییانەى کە گرتوویەتییەبەر و سەرەتا و لە یەکەم کۆبوونەوەى ئاسایى کابینەکەیدا، بە قەدەغەکردنى دانانى وێنەى خۆیى و وەزیرەکان لە وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکومەت دەستىپێکرد.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا