ئەنجوومەنی وەزیران: پێداگریی دەکەین لە وەرگرتنی شایستەی دارایی خەرجیی حاکیمە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی حاکیمە و خانەنشینیکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ گرنگترین پرسی کۆبوونەوەکەیان بووە.
جەختکردنەوە لە وەرگرتنی شایستە داراییەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، جەختییان لەسەر وەرگرتنی شایستە داراییەکان لە بودجەی حاکیمە کردووەتەوە وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بەشێوەیەک کە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
بابەتی خانەنشینبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی خانەنشینبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنرا کە لە سەرۆکایەتیی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بەشێوەیەکی دروست، هەروەها چارەسەرکردنی گرفتی ئەو خانەنشینانەی کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە.
چارەسەرکردنی کێشەکانی بە بازاڕکردنی گەنمی هەرێمی کوردستان
هاوکات، هەماهەنگی و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بۆ وەرگرتن و بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بە مەبەستی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی..
3 کاتژمێر پێش ئێستا