زۆرینەی خانمان ئازارشکێنی هەڵە بۆ ئازاری سووڕی مانگانە بەکاردەهێنن
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی بەریتانی، خانمان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانە ئازارشکێنی هەڵە بەکاردەهێنن و بژاردەی کاریگەرتر هەیە.
لە توێژینەوەکەدا لێکدانەوە بۆ داتای 211 ملیۆن فرۆشی زنجیرە مارکێتێک کرا، تیایدا سەرنجی ئەوە درا کە خانمان لەگەڵ کڕینی سانتی و بەرهەمەکانی دیکەی تایبەت بە سووڕی مانگانەدا چ ئازارشکێنێکیان کڕیوە.
ئەنجامەکان دەریان خست کە دوو لەسەر سێی خانمان بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان پاراسیتامۆڵیان کڕیوە، لەکاتێکدا پاراسیتامۆڵ سیگناڵی ئازار لە مێشکدا ناهێڵێت، هەربۆیە زیاتر بۆ سەرئێشە کاریگەرە و بۆ سووڕی مانگانە کاریگەرییەکی زۆری نییە.
پسپۆڕان دەڵێن باشتر وایە خانمان پڕۆفین بەکاربهێنن، چونکە پڕۆفین ڕێگری لە دروستبوونی پڕۆستاگلاندین دەکات(ئەو ماددە کیمیاییەی بەرپرسە لە دروستبوونی ئازار و گرژبوونی ماسولکەکان).
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە باشتر وایە چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی سووڕی مانگانە خانمان دەست بکەن بە وەرگرتنی پڕۆفین، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی پڕۆستاگلاندین بکرێت و خانمەکە تووشی ئازار و ناڕەحەتی نەبێت.
لەگەڵ ئەوەی خانمان زیاتر دووچاری ئەو نەخۆشییانە دەبنەوە کە هۆکارن بۆ دروستبوونی ئازاری درێژخایەن، بەڵام ئازارشکێنەکان زیاتر لەسەر پیاوان تاقیکراونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە جەستەی خانمان و پیاوان زۆر جیاوازن لەیەکتر و کاریگەریی دەرمانیش لە نێوانیاندا جیاوازە.
یەکێک لە توێژەرەکان ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەگەر پیاوان سووڕی مانگانەیان هەبووایە، ئێستا زانیارییەکان سەبارەت بە ئازارشکێن و ئەم بابەتانە زۆر زیاتر دەبوون، چونکە لە توێژینەوەکاندا زیاتر گرنگی بە پیاوان دراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا