نەخۆشیی پارکینسن چییە و چۆن دەناسرێتەوە؟

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەخۆشیی پارکینسن تێكچوونێکی درێژخایەنی کۆئەندامی دەمارە، نەخۆشییەکە بە هێواشی دەستپێدەکات و بە شێوازێکی سەرەکی کاریگەریی لەسەر جوڵەی کەسەکە هەیە.

هۆکاری تووشبوون بە پارکینسن چییە؟

بەشێکی مێشک بەرپرسە لە دروستبوونی دۆپامین، فرمانی سەرەکیی دۆپامینیش گەیاندنی فرمانی جوڵەیە لە مێشکەوە بۆ ماسولکەکان، کاتێک ئەم شوێنەی مێشک دەپوکێتەوە، دۆپامین کەم دروستدەبێت و گرفت بۆ جوڵەی کەسەکە دروستدەبێت.

نیشانە سەرەکی و جیاکەرەوەکانی پارکینسن ئەمانەن:

  • لەرزینی نائیرادی: زۆرجار لە یەکێک لە دەستەکان یان پەنجەکانەوە دەستپێدەکات، بەتایبەتیش لەکاتی پشووداندا هەستیپێدەکرێت
  • خاوبوونەوەی جوڵە: هەنگاوەکان کورتدەبنەوە و کەسەکە کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانەی، وەکو داخستنی قۆپچەکانی کراسەکەی
  • ڕەقبوونی ماسولکەکان: هەستکردن بە گرژبوون و ئازار لە جومگەکاندا کە مەودای جوڵە کەمدەکاتەوە
  • تێکچوونی هاوسەنگی: چەمانەوەی پشت بەرەو پێشەوە و قورسی لە ڕاوەستان بە ڕێکی
  • ئەم نەخۆشییە تەنیا لەرزین نییە، بەڵکو دەکرێت کاریگەری بخاتە سەر گۆڕانی دەنگ و کەمبوونەوەی دەربڕینی ڕووخساریش

هەموو دەستلەرزینێک مەرج نییە هۆکارەکەی پارکینسن بێت، بۆ نموونە ئەو دەستلەرزینەی هۆکارەکەی بەتەمەنچوونە و نەخۆشی نییە، دەکرێت بەم جۆرە بێت:

  • لەکاتی جوڵەکردندا کەسەکە دەستی دەلەرزێت و لەکاتی پشووداندا چاکدەبێتەوە
  • زیاتر کار لە دەستەکان دەکات
  • زۆرجار هەردوولای جەستە وەکو یەک تووشی لەرزینەکە دەبن
  • نیشانەی دیکەی لەگەڵ نییە، وەکو خاوبوونەوەی جوڵەکردن و گۆڕانی دەنگ
گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا