پاش نۆ ڕۆژ تەرمى ئەو کچە دۆزرایەوە کە کەوتە ناو ئاوى زەڵم

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
مەلەوانەکان لە کاتی گەڕان بە دوای تەرمی روقیەدا لە سەرچاوەی زەڵم
مەلەوانەکان لە کاتی گەڕان بە دوای تەرمی روقیەدا لە سەرچاوەی زەڵم

ئەمڕۆ پاش نۆ ڕۆژ لە کەوتنە ناو ئاوى چەمى زەڵم لە ناوچەى هەورامان، تەرمى ڕوقیە ڕافد-ـى 11 ساڵان دۆزرایەوە و تەرمێکى سارد و سڕى ناو ئاوەکە بووە دوایین دیدارى نێوان خۆى و باوکى کە نۆ ڕۆژە چاوەکانى ئاو، دارو بەردى هەورامانى لێ بووە بە ڕوقیە.

خێزانی ڕوقیە لە کەربەلاوە هاتبوون بۆ کوردستان

ڕوقیە لە کەربەلاوە هاتبووە کوردستان، خۆى و خێزانەکەى لە نۆى حوزەیران گەیشتنە سەرچاوەى زەڵم کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و هەورامان و دیمەنى جوان و دڵڕفێنى ناوچەکە ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت.

ڕوقیە کاتێک دەچێتە نزیک سەرچاوەى زەڵم، وێنەیەک لە نزیک ئەو ئاوە تۆمار بکات و لەناو مۆبایلەکەى بمێنێتەوە، کاتێک گەیشتەوە کەربەلا، لەناو گەرما و لم و خۆڵى بیابان وێنەکە ببێتەوە شنەى باى سەر ئاوى سەرچاوەى زەڵم و فێنکى بکاتەوە، بەڵام بێ ئاگا لەوەى ئەو وێنەیە دەبێتە دوایین یادگارى ئەو بۆ دایک و باوک و کەسوکارەکەى.

هەڵوێستی جوامێری مەردایەتی کورد لەم کۆستەدا

کورد لە مێژوودا بە هەڵوێستى جوامێرى و مەردایەتى ناسراوە، خەڵکى هەڵەبجە و هەورامان بەیەک دەنگ خۆیان کردە کەسوکارى ڕوقیە و لە یەکەم ساتى کەوتنە ناو ئاوى ئەم کچە نەوجەوانە، دەستیان لەکارى خۆیان هەڵگرت، درگاى دووکانەکانیان داخست، ڕەز و باخەکانیان جێهێشت و خۆیان خستە ناو ئاو بن بەرد بە بەرد و  دار و ئەو گۆماوانە دەگەڕان کە گومانیان هەبوو روقیەی تێدابێت.

گەڕان بە دوای تەرمی ڕوقیە هەڵەبجە و هەورامانی تێپەڕاندا

گەڕان بەدواى تەرمى ڕوقیە سنوورى هەڵەبجە و هەورامانى تێپەڕاند و لە سلێمانى، هەولێر و ئیدارەى سۆرانەوە مەلەوان و تیمەکانى بەرگریى شارستانى خۆیان گەیاندە زەڵم و ئەحمەد ئاوا، دەستیان بەگەڕان بەدواى تەرمەکە کرد.

گەنجێکی ناوچەکە تەرمەکەی دۆزیوەتەوە

دواجار ئەمڕۆ پاش نۆ ڕۆژ لەلایەن گەنجێکى ناوچەکەوە تەرمەکەى دۆزرایەوە، عابدین عەبدولرەحمان - بەڕێوبەری بەرگریی شارستانی هەڵەبجە بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند "لەنزیکى ئەو ناوچەیەی  کە گەشتیارە 11ساڵانەکە کەوتە خوارەوە، تەرمەکەمان دۆزیوەتەوە".

تیمەکانى بەرگریى شارستانى ئاگادارکرانەوە و تەرمەکەیان گواستەوە پزیشکى داد، ئەمە بووە دوایین دیدارى نێوان ڕوقیە و هەورامان و هەرێمى کوردستان.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا