ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمريکا لە مۆنديالدا

مەستان حوسامەدین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سۆشياڵ ميديا دەگوترێت کەسانی ئاسایی ئارەزوو دەکەن لە یاریی ئاسایی یان لە مۆنديالدا ئەرجەنتين و پۆرتوگال بەرامبەر يەکدی ياریی بکەن، ئەوەش بێگومان بۆ ئەوەی کريستيانۆ ڕۆناڵدۆ و ليۆنيێل ميسی ڕووبەڕووی يەکدی ببنەوە، بەڵام ئەفسانەکان حەز دەکەن ئێران و ئەمريکا ڕووبەڕووی يەکدی ببنەوە.

لە ئێستادا ئەو دوو لايەنە تەنيا لەسەر ئاستی سياسی لە کێبڕکێدا نين، بەڵکو لەسەر ئاستی وەرزشيش لە مەيدانێکدان کە دەکرێت جارێکی ديکە ڕووبەڕووی يەک ببنەوە، بەڵام ئەمجارە شەڕی مووشەک و درۆن ناکەن، بەڵکو شەڕی گۆڵ و کردنەدەرەوەی يەکدی دەکەن لە ياريگا بێئەوەی دەرفەتی ڕێککەوتنيشيان هەبێت.

ئەگەر بپرسين ئايا ئەگەر هەيە ئێران و ئەمريکا لە مۆنديالدا ڕووبەڕووی يەکدی ببنەوە؟ ئەوا وەڵامەکەی بەڵێيە، ئەوەش ئەگەر بێت و هەردوولا لە قۆناغی کۆمەڵەکان سەرکەوتووبن و لە قۆناغی دواتریشدا براوە بن، ئەوکاتە ئەگەر هەيە لە قۆناغی 16دا ڕووبەڕووی يەک ببنەوە.

مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا لە مۆندیالدا یەکێکە لە پڕ جۆشترین ڕووداوەکانی تۆپی پێ و ئەوە دوو جار لە مێژوودا ڕوويداوە، لە ساڵی 1998 لە فەڕەنسا، ئێران دوو بە يەک لە ئەمریکای بردەوە، لە ساڵی 2022ش لە قەتەڕ، ئەمريکا يەک بە سفر لە ئێرانی بردەوە، واتە تاوەکو ئێستا يەکسانن لە بردنەوەدا.

لە ڕووی ئاستەوە تيمەکانی هەردوو وڵات جياوازييان هەيە و ئەمساڵ ئەمريکا لە ئاستێکی بەرزتردايە و خاوەنی ياريزانی لاوترە بەراورد بە ئێران و پێشبينييەکان بۆ ياری نێوانيان بەمجۆرەيە، %50 ئەگەری هەيە واشنتن بيباتەوە، %25 ئەگەری هەيە ئێران بيباتەوە، %25يش ئەگەر هەيە يەکسان بن.

لەم مۆنديالەدا 48 هەڵبژاردە بەشدارن دابەشبوون بەسەر 12 گروپدا، ئێران لە گروپی جييە و ئەمريکا لە گروپی دييە، تاوەکو ئێستا يەکی يەک يارييان کردووە ئێران بەرامبەر نيوزلەندا يەکسان بووە، ئەمريکاش بە ئەنجامی چوار بە يەک بەرامبەر پاراگوای براوە بووە.

مەستان حوسامەدین

2 کاتژمێر پێش ئێستا