سەرۆکی شارەوانیی تاران: تەرمی خامنەیی دەهێنرێتە عێراقیش
سەرۆکی شارەوانیی تاران ڕایگەیاند، وێستگەیەکی ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران کە لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا، بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕێت و دواتر دەبرێتەوە بۆ مەشهەد تاوەکو لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە
عەلیرەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران ڕۆژانی چوار و پێنجی تەمموز لە تارانەوە دەستپێدەکات، ڕۆژانی دواتر دەبرێت بۆ قوم، دواتر ڕۆژی 8ـی تەمموز دەهێنرێت بۆ عێراق و دوای ئەوێش دەهێنرێتەوە بۆ مەشهەد، ڕۆژی نۆی تەمموز لەوێ کە زێدی خۆیەتی، بەخاک دەسپێردرێت.
لێدوانی پێشتری ئێران لەسەر ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە ڕێوڕەسمەکە لە ڕۆژی 4ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و لە تاران و قوم دەوەستێت، پێش ئەوەی لە 9ـی تەمموزدا لە مەشهەد بەخاک بسپێردرێت.
ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە "Truth Social" بڵاوی کردەوە، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند و وەک دادپەروەری بۆ گەلی ئێران و ئەمریکییەکان وەسفیکرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا