سەربازانی تورکیا بە چەکەوە ڕێگە لە گەڕانەوەى گوندنشینانی سنووری زاخۆ دەگرن

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێگری سەربازانی تورکیا لە گوندنشینان لە سنووری زاخۆ
ڕێگری سەربازانی تورکیا لە گوندنشینان لە سنووری زاخۆ

بەشێک لە دانیشتووانى 21 گوندى سنوورى زاخۆ کە بەنیازبوون بگەڕێنەوە زێدى خۆیان لەلایەن سەبازانى تورکیاوە بەچەکەوە ڕێگرییان لێکرا.

سەربازەکان ڕێگای سەرەکی گوندەکانیان گرتووە

بەگوێرەى ئەو ڤیدیۆیانەى بڵاوکراونەتەوە، سەربازەکانى تورکیا بەچەکەوە چوونەتەسەر ڕێگا سەرەکییەکانى گوندەگان و ڕێگە نادەن گوندنشینان بچنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان.

گوندەکان لەژێردەستی سوپای تورکیادایە

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی ڕایگەیاند، سەربازانی تورکیا لە گوندی شەرانشی سەروو، ڕێگرییان لە گوندنشینانی گوندەکانی دەڤەری “سندی و گولی” لە زاخۆ کرد کە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان و پێیان ڕاگەیاندوون کە گوندەکانیان ئێستا لەژێر دەستی سوپای تورکیا دایە.

هەندێک لە ماڵەکانیشیان داگیرکردووە

بە گوتەی گوندنشینان، سەربازانی تورکیا جگە لە دروستکردنی بارەگای سەربازی بۆ جێگیربوونیان لە ناوچەکەدا، لەناو ماڵی چۆڵکراوی گوندنشینانیشدا ماونەتەوە و ماڵەکانیان داگیرکردوون.

پێشتریش، سوپای تورکیا مەرجی قورسى بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری زاخۆ و دهۆک دیاریکردووە و کاتی هاتوچۆشی بۆ دیاری کردبوون.

25 گوندی زاخۆ دانیشتوانەکەی نەگەڕاونەتەوە

بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لەسەر ئاستی ئیدارەی زاخۆ تاوەکو ئێستا دانیشتووانی 25 گوند بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

لە قەزای ئامیدیش 206 گوند چۆڵکراون

لە سنووری قەزای ئامێدیش دۆخەکە قورسترە، کە لە کۆی 306 گوندی ناوچەکە، 206 گوندیان بە تەواوی چۆڵکراون و تەنیا دانیشتووانی 30 گوند ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ مەبەستی کشتوکاڵ سەردانی ڕەز و باخەکانیان بکەن.

سەرەڕای چەندین جار گردبوونەوە و داواکاری بۆ گەڕانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە پشتگوێخراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەی 12ـی خۆیدا کە لە 5 بۆ 7ـی ئایاری 2025 بەڕێوەچوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکانی دا.

لە مانگی تەممووزی 2025دا، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە وەک هێمایەک بۆ چەکدانان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، چەکەکانیان سووتاند، بەڵام سوپای تورکیا هێشتا بە پاساوی جیاواز ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاسایی گوندنشینان دەکات.

بەگوێرەى ئاماری ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، سوپای تورکیا لە ئێستادا 71 بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بەهۆی بۆردوومان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان، تەنیا لە ساڵی 2024دا 9 هاونیشتمانی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

ئەم ناوچانە کە ساڵانێکی زۆرە بوونەتە گۆڕەپانی ململانێ، زیانی گەورەیان بە کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا