بانکی ناوەندی عێراق: یەدەگی دینار بۆ 118 تریلیۆن دینار دابەزیووە
داتا فەرمییەکانی بانکی ناوەندی عێراق دەریدەخەن کە یەدەگی بانکی ناوبراو لە ماوەی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ڕێژەی دابەزینی یەدەگی دینار لە بانکی ناوەندی
بەگوێرەی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردۆتەوە "بڕی یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی لە 28ی ئایاردا گەیشتووەتە نزیکەی 118 تریلیۆن و 947 ملیار دینار، لە کاتێکدا لە 21ی ئایاردا بڕی یەدەگی بانکەکە 120 تریلیۆن و 675 ملیار دینار بووە، بەمجۆرەش بڕی یەک تڕیلیۆن و 728 ملیار دینار کەمیکردووە کە دەکاتە 1.43% و ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ئاڕاستەی دابەزینی یەدەگی دینار لە ماوەی مانگی ئایاردا.
دەستبردن بۆ یەدەگی ستراتیجی
داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق دەریدەخات بڕی یەدەگی بانکەکە مانگانە دابەزینی تۆمارکردووە و لە مانگی نیساندا بڕەکەی 127 تڕیلیۆن و 152 ملیار دینار بووە بەڵام پێشتر و لە مانگی ئازاردا بانکەکە خاوەنی 130 تڕیلیۆن و 443 ملیار دینار بووە ،ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان دەستی بۆ یەدەگی سترایجی بردووە.
بەهای زێڕ لە یەدەگی بانکی ناوەندیدا
زێڕ بەشێکی گرنگی پێکهاتەی یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق پێکدەهێنێت و بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی بانکەکە بەهای زێڕ کە لە یەدەگی فەرمیدا هاتووە گەیشتۆتە نزیکەی 32 تریلیۆن و 973 ملیار دینار و ئەوەش نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین بەشی یەدەگی دراوی بیانی دەکات.
کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت
ئەم دۆخەی بانکی ناوەندی عێراق ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی دارایی و کێشەی نەختینەی و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتیە ، کە پەیوەستە بە چەندین هۆکارەوە، لەوانە پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هوورمز و گرفتی گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت و کێشەی بەڕێوەبردنی نەختینەیی و ناجێگیری نرخی نەوت .
2 کاتژمێر پێش ئێستا