وەزارەتى ناوخۆ ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى هێرشکردنە سەر هاوڵاتییەک بڵاوکردەوە
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى هێرشکردنە سەر هاوڵاتییەک لە شارى نەجەف لەلایەن ئەفسەرێک و دوو کارمەندى هاتوچۆى پارێزگاکە بڵاوکردەوە.
پێکهێنانی ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە
لە ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژە بەوە کراوە، حسێن عەوادى، بریکاریى وەزیرى ناوخۆ بڕیاریدا بە پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەفسەرێک و دوو کارمەندى هاتوچۆى پارێزگاى نەجەف، بەهۆى هێرشکردنە سەر هاوڵاتییەک.
دەستبەسەکردنی ئەفسەرێک و دوو کارمەندی هاتووچۆ
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، بریکارى وەزارەتى ناوخۆ فەرمانى کردووە بە دەستبەسەرکردنیان و بەجێهێنانى ڕێکارە پێویستییە یاساییەکان بەرامبەریان.
هیچ نەرمییەک نانوێنن
لە ڕاگەیێنراوەکەدا باس لەوەکراوە، بریکارى وەزیرى ناوخۆ جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، وەک وەزارەتى ناوخۆ لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکى لەو جۆرە نەرمى نانوێنن و ئەرکى لە پێشینەى کارمەندانى ئاسایش پاراستنى هاوڵاتییان و خزمەتکردنیانە.
بڵاوکردنەوەى گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیایدا ئەفسەرێک و دوو کارمەندى هاتوچۆى پارێزگاى نەجەف هێرشدەکەنە سەر هاوڵاتییەک کاردانەوەى زۆرى لە سۆشیاڵ میدیا دروست کرد.
3 کاتژمێر پێش ئێستا