بەرپرسێکی ئەمریکی ناوەڕۆکی یاداشتنامەی ئەمریکا و ئێرانی ئاشکراکرد

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان

بەرپرسێکی ئەمریکی ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی واشنتن و تارانی ئاشکرا کرد، کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بکرێت.

گرنگی کۆبوونەوەی سویسرا

ئەو بەرپرسە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هەریەکە لە تاران و واشنتن دەتوانن پێش واژۆکردن لە یاداشتنامەکە بکشێنەوە، دەشڵێت، کۆبوونەوەی داهاتووی سویسرا گرنگ دەبێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی گواستنەوە بۆ قۆناغی داهاتوو و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

ئەنجامی یاداشتکە لە چەند هەفتەیەکدا دەردەکەوێت

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، یاداشتنامەکە هاوشێوەی ئەو 14 خاڵەیە کە پێشتر لەلایەن میدیاوە بڵاوکرایەوە، بەگوێرەی یاداشتنامەکە تاوەکو ئەو ڕادەیەی ئێران پابەند بێت بە یاداشتنامەکەوە، سزاکانی سەریان سووک دەکرێت، ئەمەش لەماوەی چەند ڕۆژێک تاوەکو هەفتەیەکدا دەردەکەوێت نەک چەند مانگێک.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆڵی دەبێت

لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە، میکانیزمی جێبەجێکردن بۆ چاودێریکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن دەبێتەهۆی بەرهەمهاتنی ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەم ڕێککەوتنەش لەڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت.

دوای واژۆکردنی یاداشتنامە دەبێت ڕێگە بدریت بە هەناردەی نەوتی ئێران

بەگوێرەی یاداشتنامەکە، دەستبەجێ دوای واژۆکرانی یاداشتنامەکە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ڕێگەدان بە هەناردەی نەوتی ئێران تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، هیچ سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا ناسەپێنرێت، واشنتن بەڵێندەدات لەکاتی جێبەجێکردنی مەرجەکانی یاداشتەکەدا سامانی بلۆککراوی ئێران بە تەواوی ئازاد بکات، ئێرانیش هەوڵ نادات بۆ نزیکبوونەوە لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی و ئەگەر ئەو کارە بکات، ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی تووند دەبێتەوە.

تاوتوێکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو

باسی لەوەشکردووە، کە لەناوبردن یان لابردنی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی ئێران، لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە سویسرا تاوتوێدەکرێت.

ئێران خاوەنی کەرەستەی پێویست نییە بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، بۆ ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی ئەمریکا یان چین دەبێت.

پرسی لوبنان یەکێکە لە پرسەکای ئاگربەستی یاداشتەکە

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، خاڵێکی دیکە پەیوەستە بە پرسی لوبنان، تیایدا هاتووە ئاگربەست لوبنانیش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی ئێران چالاکییەکانی حیزبوڵا کۆنترۆڵ بکات، هەرکاتێک حیزبوڵا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی تەلئەڤیڤ دەبێتەوە.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا