زیاتر لە هەزار ئەندامی کۆنگرە داوای بەستنی کۆنگرەی جەهەپە دەکەن

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆکۆی جەهەپە
لۆکۆی جەهەپە

داواکاریی لانیکەم هەزار ئەندامی کۆنگرە بەمەبەستی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)، ڕادەستی سەرۆکایەتیی پارتەکە کرا کە 833 ئەندامیان واژۆکانیان لەلایەن دادنووسەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

ئیمزا کۆکراوەکانیان گەیشتووەتە ئەنقەرە

نوێنەرانی 80 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا جەهەپە و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی جەهەپە لە 74 پارێزگای وڵاتەکە بەو واژۆیانەوە کە لەلایەن دادنووسەوە پشتڕاستکراوەتەوە، گەیشتنە ئەنقەرە.

 833 ئەندامی کۆنگرە واژۆیانکردووە

نوێنەران و بەرپرسانی ڕێکخستنەکانی جەهەپە دژی ئەو دۆخەی پارتەکەی تێکەوتووە و بەمەبەستی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، واژۆی 833 ئەندامی کۆنگرەیان گەیاندە بارەگای سەرەکیی پارتی کۆماریی گەل کە لە ئێستادا لەلایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەڕێنراوەی پارتەکە بەڕێوەدەبرێت.

دادنووس ئیمزاکانی پێشتڕاستکردووەتەوە

تەڵعەت یاڵاز، بەرپرسی لقی پارێزگای ئەسکیشەهیری جەهەپە، پاش ڕادەستکردنی واژۆکان ئاماژەی بەوەکرد، داواکاریی زیاتر لە هەزار ئەندامی کۆنگرەیان گەیاندووەتە بارەگای سەرەکی و سەرۆکایەتیی پارتەکە، کە 833یان واژۆکانیان لەلایەن دادنووسەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

یاڵاز ڕەتیکردەوە بڕیاری دادگا ڕێگربێت لە بەستنی کۆنگرەی نائاسایی و گوتی: "بەپێچەوانەوە بڕیارەکە بەستنی بەپەلەی کۆنگرە دەسەپێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەماوەی 10 ڕۆژدا بڕیاری بەستنی کۆنگرە نەدرێت، دەست بە ڕێکارە یاساییە پێویستەکان دەکەن.

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا