لیستی ئەو ناوچانەی سلێمانی کە زەوییان تێدا دابەش دەکرێت

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە شاری سلێمانی
دیمەنێک لە شاری سلێمانی

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی وردەکاریی نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆسەکە چەند ناوچەیەکی دیکە دەگرێتەوە.

ئامادەکردنی زەوی لە 43 شارەوانی

ئاسۆ شێرکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، لە کۆی 43 شارەوانی لە سنووری پارێزگاکە، لە نزیکەی نیوەیاندا زەوی جیاکراوەتەوە و ئامادەیە بۆ دابەشکردن. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فراوانتر دەبێت و فەرمانبەرانی زیاتر لێی سوودمەند دەبن.

ئەو ناوچانەی زەوییان تێدا دابەش دەکرێت

بەپێی گوتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، تا ئێستا لە ناوچەکانی پێنجوێن، گەرمک، عەربەت، گۆپاڵە و سەنگاو زەوی دابەشکراوە. هاوکات بڕیار وایە لە هەفتەکانی داهاتوودا پرۆسەکە لە ناوچەکانی بازیان، ئەڵایی، پیرەمەگروون و بەردەقارەمان دەست پێ بکات و زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو سنوورانەدا دابەش بکرێت.

دابینکردنی زەوی لە یەکە کارگێڕییە نزیکەکان

لەبارەی ئەو شارەدێیانەی کە زەوی پێویستیان تێدا نییە یان مەودای فراوانبوونیان نەماوە، ئاسۆ شێرکۆ ڕایگەیاند کە لیژنەی تایبەت دروستکراوە. ئەو فەرمانبەرانەی لەو شوێنانە نیشتەجێن و ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە یەکەیەکی کارگێڕیی نزیک لە خۆیان زەوییان پێ دەدرێت. ئەم بڕیارە ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە زەوییەکانیان بەهایەکی ئەوتۆیان نییە و سوودی بۆ فەرمانبەران نابێت.

ئاماری سوودمەندبووان لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500,000 فەرمانبەر، خانەنشین و پێشمەرگە ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا کەمتر لە 25%ـی ئەو کەسانە زەوییان پێدراوە و پڕۆسەکە بۆ ڕادەستکردنی زەوی بە هەموو سوودمەندبووان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەردەوامە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا