کەناڵ8 وردەکاریی ڕێکارە نوێیەکانی شارەوانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی زەوی بڵاودەکاتەوە
کەناڵ8 وردەکاریی ڕێکارێکی نوێی شارەوانیی سلێمانی بۆ دابەشکردنی زەوی ئاشکرا دەکات کە تێیدا چارەسەری گرفتی ئەو فەرمانبەرانە کراوە کە لە ناوچەکانیان زەوی بۆ فراوانبوون نییە یان دەکەونە سنووری ماددەی 140.
پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ چارەسەری گرفتەکان
ئەندازیار عوسمان تەها، لێپرسراوی ماستەرپلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 20 شارەوانی و یەکەی کارگێڕی بەهۆی نەبوونی مەودای فراوانبوون، کەمیی بەهای زەوی یان کەوتنە ناو سنووری ماددەی 140، نەیانتوانیوە زەوی دابەش بکەن. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە و شارەوانییەکان بۆ سێ گرووپی جیاواز دابەش کراون تا فەرمانبەران لە ناوچەی دیکە زەوی وەربگرن.
گرووپی یەکەم؛ گواستنەوە بۆ چوارتا
ئەو شارەوانییانەی کە هیچ مەودایەکیان بۆ فراوانبوون نەماوە، فەرمانبەرەکانیان ڕەوانەی قەزای چوارتا دەکرێن بۆ وەرگرتنی زەوی. ئەم گرووپە شارەوانییەکانی کەناروێ، باسنێ، سیتەک، زەلان، ماوەت و گاپیڵۆن دەگرێتەوە، کە بەهۆی نەبوونی زەوی بەردەست لە سنوورەکانی خۆیان، لە چوارتا زەوییان بۆ دابین دەکرێت.
گرووپی دووەم؛ چارەسەری زەوییە بێبەهاکان
گرووپی دووەم ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە زەوییان هەیە، بەڵام بەهای زەوییەکە زۆر کەمە و فەرمانبەران ئامادە نین بەرامبەر ڕسووماتی تۆمارکردن وەری بگرن. شارەوانییەکانی باوەخۆشێن، خدران و خەلەکان لەم پۆلێنەدان و بڕیار دراوە فەرمانبەرەکانیان لە یەکەیەکی کارگێڕیی نزیک لە خۆیان کە زەوییەکەی بەهای هەبێت، سوودمەند بن.
گرووپی سێیەم؛ فەرمانبەرانی ناوچەکانی ماددەی 140
بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140 و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردانی بەسەر دابەشکردنی زەوییەکانیاندا نییە، ڕێکارێکی تایبەت گیراوەتە بەر. فەرمانبەرانی شارەوانییەکانی قەرەهەنجیر، شوان، قادرکەرەم، خاڵخاڵان و تەکیەی جەباری، لەمەودوا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش زەوییان پێ دەدرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا