هەزاران پارچە زەوی لە سلێمانی و دەوروبەری دابەش دەکرێن؛ ناوی ئەو شوێنانەی زەوییان لێ ئامادەیە
لە سنووری پارێزگای سلێمانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆران گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و لە چەندین شارەوانیی جیاواز زەوی پێویست بۆ سوودمەندبووان دابینکراوە.
ئاماری گشتیی شارەوانییەکان و زەوییە بەردەستەکان
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 43 یەکەی کارگێڕی هەن کە خاوەنی شارەوانیی سەربەخۆن. لەو ژمارەیە، لە 20 شارەوانیدا زەوی پێویست جیاکراوەتەوە و بۆ دابەشکردن بەردەستە. تا ئێستا لە 7 شارەوانیدا پرۆسەی دابەشکردن ئەنجامدراوە و لە چەندین ناوچەی دیکەش زەوییەکان لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردندان بۆ ئەوەی ڕادەستی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە بکرێن کە فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە.
زەوییە دابەشکراوەکانی سلێمانی و قەزاو ناحیەکان
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە چوار قۆناغی جیاوازدا توانیویەتی 25,000 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان دابەش بکات. لە قەزای پێنجوێن 385 پارچە زەوی و لە ناحیەی عەربەت لە دوو قۆناغدا 350 پارچە زەوی دراونەتە سوودمەندبووان. هەروەها لە سنووری ناحیەی سەنگاو 85 پارچە زەوی، لە گۆپاڵە 80 پارچە و لە گەرمک 65 پارچە زەوی دابەشکراون.
هەزاران پارچە زەوی لە قۆناغی ئامادەکردندان
لە چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری سلێمانی، بڕێکی زۆر زەوی بۆ دابەشکردن ئامادە کراون. لە بازیان و ئەڵایی 2,000 پارچە زەوی و لە پیرەمەگروون زیاتر لە 2,000 پارچە زەوی دیکە ئامادەن بۆ ئەوەی ڕادەستی سوودمەندبووان بکرێن. هاوکات لە پێنجوێن 500 پارچە زەوی دیکە و لە ناحیەی عەربەت 350 پارچە زەوی دیکە خراونەتە ناو پلانی دابەشکردنی قۆناغی داهاتووەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا