لە کۆی 500 هەزار فەرمانبەر، 375 هەزاریان هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە هێشتا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژمارەی ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە و ئەوانەی زەوییان وەرگرتووە هەیە.
ئاماری گشتیی سوودمەندبووان لەسەر ئاستی هەرێم
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 500,000 کەس لە فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە. بەپێی نوێترین داتاکان، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 25%ـی ئەو کەسانە زەوییان پێدراوە و زۆرینەی سوودمەندبووان هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی پارچە زەوییەکانیانن.
دۆخی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای سلێمانی
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 43 یەکەی کارگێڕی هەن، کە لە 20 شارەوانییاندا زەوی پێویست و ئیفرازکراو بۆ دابەشکردن بەردەستە. تا ئێستا لە 6 شارەوانیدا زەوی دابەشکراوە، کە بەم شێوەیەیە: لە ناوەندی سلێمانی نزیکەی 26,000 پارچە، لە پێنجوێن 385 پارچە، لە عەربەت 250 پارچە، لە سەنگاو 85 پارچە، لە گۆپاڵە 80 پارچە و لە گەرمک 65 پارچە زەوی دابەشکراون.
ئامارەکانی پارێزگای هەولێر
لە سنووری پارێزگای هەولێر، پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغی حەوتەم. لەم قۆناغەدا زیاتر لە 3,500 پارچە زەوی بە تیروپشک دابەشکرا. پێشتریش لە شەش قۆناغی ڕابردوودا 38,400 پارچە زەوی تیروپشکیان بۆ کرابوو. بەمەش کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری هەولێر زەوییان پێدراوە گەیشتووەتە 42,000 کەس.
هەڵەبجە و دهۆک لە چاوەڕوانیدان
لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 7,000 کەس ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام تا ئێستا لە دوو قۆناغدا تەنیا 700 پارچە زەوی دابەشکراوە. سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، بڕیار وایە لە کاتی داهاتوودا ئامارە فەرمییەکانی دابەشکردنی زەوی لەو سنوورە ڕابگەیەنرێن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا