پەرلەمانی ئەورووپا: لە تورکیا دادگا وەک ئامڕازی لادانی ڕکابەرە سیاسییەکان بەکاردێت
پەرلەمانی ئەورووپا ڕاپۆرتێکی توند لەبارەی پاشەکشەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا پەسەند دەکات و ئەنقەرەش ڕاپۆرتەکە بە "بێبنەما" و "ئایدیۆلۆژی" ناودەبات.
پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکە بە زۆرینەی دەنگ
ڕاپۆرتی ساڵانەی پەرلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە تورکیا، بە دەنگی 381 پەرلەمانتار بەرامبەر بە 107 دەنگی نەخێر پەسەندکرا، لەکاتێکدا 171 پەرلەمانتار دەنگی سپییان دا. ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر پاشەکشەی دیموکراسی و بەکارهێنانی سیستمی دادوەری دەکات وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و دوورخستنەوەی ڕکابەرە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکۆنەکردنی گوشارەکان بۆ سەر جەهەپە
لە ڕاپۆرتەکەدا بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری دادگا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە کراوە. پەرلەمانی ئەورووپا ئەم هەنگاوە و لادانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و سەرکردایەتیی پارتەکە، وەک "داڕشتنی سیناریۆی سیاسی" بۆ بێهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت.
کێشەی ڤیزەی شنگن و پاسپۆرتەکان
سەبارەت بە پێدانی ڤیزەی شنگن، داوا لە تورکیا کراوە مەرجەکان جێبەجێ بکات بۆ ئاسانکاریی گەشتی دانیشتووانەکەی. پەرلەمانی ئەورووپا ڕەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرتووە کە لەبری هەنگاوی یاسایی، پەنای بۆ "خراپ بەکارهێنانی پاسپۆرتەکانی خزمەتگوزاری" بردووە کە ژمارەیان نادیارە.
داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤالا
پەرلەمانی ئەورووپا داوای جێبەجێکردنی دەستبەجێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەکات، بەتایبەت ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا. هەروەها سەرکۆنەی پرۆسەی دادگاییکردن و بەندکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کراوەتەوە.
نیگەرانی لە داخورانی عەلمانییەت
دوای تێپەڕبوونی 5 ساڵ، پەرلەمانی ئەورووپا جارێکی دیکە پرسی عەلمانییەتی لە تورکیا وروژاندووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا شێوازێک بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن کە لەگەڵ بنەما عەلمانییەکانی دەستووری ئەو وڵاتەدا یەکناگرێتەوە.
پێشنیازی سزادانی بەرپرسانی تورکیا
ڕاپۆرتەکە داوای کاراکردنی سیستمی سزاکانی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا دەکات دژ بەو بەرپرسە تورکانەی تێوەگلاون لە پێشێلکاریی مافەکان. ئاکن گورلەک، وەزیری دادی ئێستا و داواکاری گشتیی پێشووی ئیستانبوڵ، لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕۆڵی "قەیووم" دەبینن، وەک نموونەی ئەو بەرپرسانە هێنراونەتەوە کە پێویستە سزا بدرێن.
مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەندامێتی
پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ سەر مێزی دانوستانەکانی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا، پێویستە پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە سەروەریی یاسا و پرۆسە دیموکراسییەکاندا بەدیبکرێت، بەبێ ئەمە هیچ گفتوگۆیەک دەستپێناکاتەوە.
پشتیوانی لە یۆنان و سنوورە ئاوییەکان
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، پەرلەمانی ئەورووپا پشتیوانی خۆی بۆ یۆنان دەربڕیوە لە ململانێی لەگەڵ تورکیا لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و سنوورە ئاوییەکان، داواشی کردووە هەردوو وڵات بەگوێرەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە دیالۆگ بەردەوام بن.
وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرلەبەری ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم ڕاپۆرتە پشتی بە زانیاری هەڵە و بانگەشەی بێبنەما بەستووە. ئەنقەرە دەڵێت ڕاپۆرتەکە لەژێر کاریگەریی "دەمارگیریی ئایدیۆلۆژی" هەندێک پەرلەمانتاردایە و ئامانجی تێکدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپایە. وەزارەتەکە پارێزگاری لە وەزیری داد کرد و ڕایگەیاند کە هێرشکردنە سەر سیستمە دادوەرییەکەیان قبوڵکراو نییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا