دیموکراتەکان داوای ڕوونکردنەوە لەسەر لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ژمارەیەک لە کۆنگرێسمانى دیموکراتەکان، داوادەکەن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بێتە کۆنگرێس و ڕوونکردنەوە لەسەر لێکتێگەشتنی نێوان وڵاتەکەیان و ئێران بدات.

ڕوبیۆ دەبێت بچێتە کۆنگرێس

کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان، لە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەرگریی و هەواڵگریی ئەندامن و داوایان کردووە ڕوبیۆ بانگێشتى کۆنگرێس بکرێت بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر هەر 14 خاڵەکەى لێکتێگەشتنەکەى نێوان تاران و واشنتن.

کۆنگرێسمانەکان پەیامەکەیان بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و دەڵێن، پێشوازی لە بڕیاری هەڵبژاردنی دیپلۆماسی و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، بەڵام دەبێت وردەکاری زیاتر لەسەر لێکتێگەشتنەکە بۆ کۆنگرێس بخرێتەڕوو.

وەڵامى حکومەتى ئەمریکا

تۆمی بیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەردەوام لەسەر پێشکەوتنەکان زانیاریی ڕوون و ئاشکرای بە کۆنگرێس گوتووە، بڕیارەکانی سەرۆکی وڵاتەکەش ڕێگرییە لەبەردەم ئێرانییەکان کە چەکی ئەتۆمییان هەبێت، تاوەکو هەموو لایەک سەلامەت بێت.

پەیامى کۆنگرێسمانەکان

بەڵام هەر یەک لە گرێگ میکس، جیم هیمس و ئادەم سمیس، ئەندامانی لیژنەی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگریین، لە پەیامەکەدا داوایانکردووە، ڕەشنووسی تەواوی لێکگەشتنەکە و ڕێکخستنەکان و سەرجەم وردەکارییەکان لەبارەی ستراتیجی دانوستان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم لێکتێگەشتنە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ببرێتە کۆنگرێس.

لەپەیامەکەدا هاتووە زیاتر لە 15 هەفتەیە ئیدارەی ترەمپ کۆنگرێس و خەڵکی ئەمریکاشی لە تاریکیدا هێشتووەتەوە لەبارەی جەنگی ئێران، کە ستراتیجییەکی شکستخواردوو و تێچوویەکی زۆر بووە لەسەر ئەمریکا.

وەڵامى پرسیاریان دەوێت

ئەم ئەندامانەی دیموکرات داوایانکردووە، ڕوبیۆ وەڵامی ژمارەیەک پرسیار بداتەوە، لەوانە؛ پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتن و هەر ڕێککەوتنێکی دیکەی لابەلا لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا.

300 ملیار دۆلارەکە سەر لێ شێواوى دروستکردووە

یەکێکی دیکەی لەو خاڵانەی بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن سەر لێ شێواوی دروستکردووە، دابینکردنی سندوقێکی وەبەرهێنانە بە بڕی 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئێران، ئەم خاڵە لە لێکتێگەشتنەکە هاتووە و لەلایەن ترەمپ چەند جارێک ڕەتکراوەتەوە، ئەمەش داوا کراوە وردەکاری زیاتری لەسەر بخرێتەڕوو.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا