دەقی رەشنووسی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا و ئێران
میدیای ئەمریکا دەقی رەشنووسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی بڵاوکردەوە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بکرێت و تێیدا 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە تەرخان کراوە.
کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بەتایبەت لە لوبنان رادەگەیێنن. هەردوولا پابەند دەبن چیدی پەنا بۆ هێز و هەڕەشە نەبەن و سەروەریی خاکی لوبنان بپارێزن.
رێزگرتن لە سەروەریی یەکدی
2. هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی و بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکدی ناکەن.
دیاریکردنی ماوەی دانوستاندنەکان
3. واشنتن و تاران رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستاندن بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا دەکرێت درێژ بکرێتەوە.
لادانی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی هێزەکان
4. دەستبەجێ دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگەکان کۆتاییان دێت. هەروەها 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا هێزەکانی لە سنوورەکانی ئێران دوور دەخاتەوە.
ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی و گەرووی هورمز
5. ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ رێڕەوێکی ئارام و بێ باج بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان دابین دەکات. لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێت مینەکان رابماڵدرێن و تاران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو گفتوگۆ دەکات بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
سندوقی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە
6. ئەمریکا و هاوبەشەکانی پلانێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن. میکانیزمی ئەم پلانە لە ماوەی 60 رۆژدا وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی دیاری دەکرێت و هەموو مۆڵەتە داراییەکان دەردەکرێن.
هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان
7. ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و سزاکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکی). خشتەی کاتیی هەڵگرتنی سزاکان لە رێککەوتنی کۆتاییدا دیاری دەکرێت.
چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو
8. تا ئەو کاتەی ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمی نەکەوێت، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە شوێنی خۆی و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم خەستییەکەی کەم دەکرێتەوە. پێداویستییە ئەتۆمییەکانی داهاتووی ئێرانیش لە رێککەوتنی کۆتاییدا باس دەکرێت.
پاراستنی دۆخی ئێستا
9. تا گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ئاستی ئێستادا رادەگرێت و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زۆرتر رەوانەی ناوچەکە ناکات.
ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت
10. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی فەرمی بۆ هەناردەی نەوت و پێترۆکیمیایی ئێران و خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەردەکات. ئامانج لێی ئەوەیە تاران بتوانێت نەوتەکەی بە نرخی ئاسایی بفرۆشێت و کۆتایی بە فرۆشتنی نەوت بە داشکاندن بە وڵاتی چین بهێنرێت.
ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان
11. ئەمریکا پابەند دەبێت هەموو سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات. بانکی ناوەندیی ئێران بۆی هەیە بە هەر شێوە و مەبەستێک بێت ئەو پارانە بەکاربهێنێت و شێوازی ئازادکردنەکە لە دانوستاندنەکاندا دیار دەکرێت.
دروستکردنی میکانیزمی چاودێری
12. هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکار بۆ چاودێریکردنی پابەندبوون بە بڕگەکانی ئەم یاداشتنامەیە و رێککەوتنی کۆتایی داهاتوو.
دەستپێکردنی دانوستاندنی فەرمی
13. دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی (1، 4، 5، 10 و 11)، واشنتن و تاران راستەوخۆ دەست بە دانوستاندنی فەرمی دەکەن بۆ رێککەوتن لەسەر بڕگەکانی دیکە.
پەسندکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش
14. رێککەوتنی کۆتایی لە رێگەی بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕێوڕەسمی واژۆکردن
بڕیارە رۆژی هەینی، 19ی حوزەیران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی ئەم یاداشتنامەیە واژۆ بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا