منداڵانی بەریتانیا چیدی ناتوانن سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا هەوڵدەدات بە شێوازێکی زۆر توند سۆشیاڵ میدیاکان لە منداڵانی وڵاتەکە قەدەغە بکات.

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، کیر ستارمەر، باسی لە یاسا نوێیەکە کرد، بڕیارە لە بەهاری ساڵی 2027ـدا جێبەجێ بکرێت.

کام پلاتفۆرمانەی سۆشیاڵ میدیا قەدەغە دەکرێن؟

بەریتانیا هەوڵی قەدەغەکردنی هەر یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی سناپچات، تیکتۆک، یوتیوب، ئینستەگرام، ئێکس و فەیسبووک بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ دەدات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئوسترالیاش ماوەیەک بەر لە ئێستا پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، کیک، ڕێدت، سناپچات، سرێدس، تیکتۆک، ئێکس و یوتیوبی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغەکرد.

بەڵام ئەم یاسایە ئەو پلاتفۆرمانە ناگرێتەوە کە تەنیا نامەنووسین و تەلەفۆنیان پێدەکرێت، هاوکات حکومەتی بەریتانیا نایەوێت ڕێگربێت لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی تایبەت بە خوێندن، موزیک و بازرگانیی ئەلیکترۆنی، هەربۆیە یوتیوبی منداڵان، لێگۆپلەی، گوگڵ کڵاسڕووم و پینترێست ڕێگەپێدراو دەبن.

پلانەکە پێی دەگوترێت ئوسترالیا پڵەس واتە هاوشێوەی یاساکەی ئوسترالیایە، بەڵام بە شێوازێکی توندتر، چونکە هەندێک لایەنی دیکەشی تێهەڵکێش کراون کە لە یاساکەی ئوسترالیادا نیین.

بۆ نموونە، منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ لە بەریتانیا چیدی ناتوانن لایڤ بکەنەوە و لەگەڵ خەڵکی بێگانەدا بەرکەوتنیان هەبێت، تەنانەت ناتوانن ئاو یارییانەش بەکاربهێنن کە تیایاندا دەتوانن پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە بکەن، وەکو ڕۆبڵۆکس.

هەروەها لە پلانەکەدا هاتووە کە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەو کەسانەشی کە تازە دەبن بە 16 ساڵ، تاوەکو 17 ساڵیش هەر قەدەغە دەبێت بۆیان، ئەمەش بۆئەوەی لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پڕ کەسەکە نەکەوێتە نێو دونیایەکی گەورەی سۆشیاڵ میدیاوە، بۆ ئەم کەسانە بیر لەوەش کراوەتەوە کە کاتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان سنوورداربکرێن بۆیان.

هاوکات چیدی کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ ناتوانن چاتبۆتە ڕۆمانسییەکان بەکاربهێنن.

لە مانگی داهاتووشدا، حکومەتی بەریتانیا لایەنەکانی دیکەی ئەم پلانە توند و جدییە دەخاتەڕوو و باس لە چۆنێتیی مامەڵکردنیان لەگەڵ ئەو نێتوۆرکە شاراوانە(وەکو VPN) دەکەن کە دەکرێت منداڵان لە ڕێگەیانەوە هێشتا بتوانن پلاتفۆرمەکان بەکاربهێنن.

هاوڵاتییانی بەریتانیا پاڵپشتی لەم پلانە دەکەن و 9 لە 10ـی دایکوباوکان پشتگیریی دەکەن.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا