ئۆکرانيا بۆ جاری دووەم کۆگايەکی نەوتی ڕووسيای بۆردوومانکرد
ئۆکرانيا بۆ جاری دووەم لەم هەفتەيەدا هێرشی کردە سەر کۆگايەکی نەوتی ڕووسيا، مۆسکۆش هێرشی مووشەکی کردە سەر کيێڤی پايتەخت، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی ڤۆلۆديمير زێلێنسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا دێت.
خستنەخوارەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵايەتی تێلیگرام ڕایگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە دەيان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، چەندين درۆنيش بەر پاڵاوتگەکە کەوتوون و زيانيش بەر ناوەندێکی بازرگانی کەوتووە.
هێرش بۆسەر پاڵاوگەکان
هێرشەکە دووەم هێرشە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، ڕۆژی سێشەممە هێرشی درۆنیی ئۆکرانيا بۆسەر پاڵاوگەکە کارەکانی ڕاگرت و زیانێکی بەرفراوانی بە دامەزراوەی وزەی ڕووسیا گەیاند و قەیرانی سووتەمەنی وڵاتەکەی قوڵتر کردەوە.
هەناردەى سووتەمەنى لە دەریاوە
ڕووسیا سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و هەناردەکاری گەورەی نەوت و سووتەمەنییە، بەڵام بڕیارە لەم مانگەدا سووتەمەنی لە ڕێگەی دەریاوە هاوردە بکات، چونکە هەوڵدەدات قەيرانی کەمیی بەنزین لە وڵاتەکەی چارەسەر بکات، ئەوەش دوای هێرشە بەرفراوانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی.
هێرشى بالیستیکى بۆسەر کیێڤ
لە بەرامبەردا، تەیمور تەکاچێنکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێڤ، ڕايگەياند، ڕووسيا بە مووشەکی باليستيکی هێرش دەکاتە سەر کيێڤی پايتەخت، ئەوەش دووەم هێرشە بۆسەر کیێڤ لەم هەفتەيەدا.
زێلێنیسکى لە لووتکەى جى7
ڤۆلۆديمير زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانيا، سێ ڕۆژی ڕابردوو لە فەڕەنسا بوو بۆ بەشداريکردن لە لووتکەی جی7 و ڕايگەياند، قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و سەرکردەکانی دیکە کردووە بۆ کۆتايهێنان بە شەڕ.
2 کاتژمێر پێش ئێستا