خوێندنەوەیەکى جیاواز و ورد بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران
ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەى نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆیان کرد، گەرووی هوورمز دەکاتەوە و دوو نەیارەکە دەگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. هاوکات سوودێکی دەستبەجێ بە ئێران دەبەخشێت، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات جارێکی دیکە نەوتەکەی بە ئازادی بفرۆشێتەوە، بەگوێرەی دەقی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە هەردوو وڵات بڵاویان کردەوە.
گەڕانەوە بۆ خاڵى سەرەتا
جگە لە داهاتی نوێی نەوت بۆ ئێران، هەردوولا کەم تاکو زۆر گەڕاونەتەوە ئەو شوێنەی کە نزیک سێ مانگ لەمەوبەر لێی بوون، پێش ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ـی شوبات یەکەم گوورزی سەربازیی هاوبەش لە ئێران بوەشێنن، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس لە تەواوی ناوچەکەدا کوژراون، قەیرانی وزەی جیهانی لێکەوتەوە و ئابووریی ئەمریکای هەژاند.
مانگى هەنگوینى 60 ڕۆژە
ئێران و ئەمریکا دەچنە ناو ماوەی 60 ڕۆژی دانوستانەکانەوە و ئەو دانوستانانەش پرسیارێک دەبێت کە ئایا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت ڕێککەوتنێکی باشتر لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بکات، کە هەشت ساڵ لەمەوبەر پووچەڵی کردەوە.
بە پشتبەستن بە 14 خاڵەکەی یاداشتی لێتێگەیشتنەکە، گرنگە ئەم وردەکارییانە لە بارەیەوە بزانین..
لێکتێگەیشتنەکە جارێکی دیکە بازاڕی نەوت دەبوژێنێتەوە
ترەمپ و جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس لە کۆتایی هەفتەدا بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆکرد و ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە لەکاتی نانخواردنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی ڤێرسای کۆپییەکی واژۆکرد.
لە تاران، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بە ڕووخسارێکی گرژ و مۆنەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی واژۆ کردووە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنە کاتییەکە، گەرووی هوورمز دەکرێتەوە و ئەمریکا گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت. تێپەڕین بە ڕێڕەوی ئاوەکەدا تەنیا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ بێ بەرامبەر دەبێت و گرێبەستەکەش ڕێگری ناکات لە وەرگرتنی پارە لە داهاتوودا، بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتید پرێس کردووە.
داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی بازرگانیی جیهانی لە ڕێگەیەوە پێش دەستپێکردنی جەنگ بەرەو دەریا و زەریاکان دەڕۆیشت، بەهێزترین چەکی ئەو وڵاتەی سەلماند. نرخی سووتەمەنیی جیهانی بەرزکردەوە، خۆراک و پێداوسیتییە بنەڕەتییەکانی دیکەی وەک پەینی کیمیایی گرانتر کرد، یارمەتی هەڵاوسانی ئەمریکای دا بۆ 4% پێش هەڵبژاردنە ناوەڕاستەکانی پاییزی ئەمساڵ.
ئێران دەتوانێت ئازادانە نەوت بفرۆشێت
ڕێککەوتنە کاتییەکە ڕاستەوخۆ ئەو سزایانە هەڵدەگرێت کە ترەمپ بەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا سەپاندبووی، ڕێگەی پێدەدات جارێکی دیکە نەوتی خاوی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا بفرۆشێت و داهاتەکەی بە بەهای ملیاران دۆلار بگەڕێنێتەوە.
ساڵی ڕابردوو ئێران بە مەزەندە، 45 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتدا دەستکەوتووە. بەڵام تەنیا یەک کڕیاری سەرەکی هەبوو کە چین بوو و ناچار بوو نەوتەکەی لە ڕێگەی کەشتیی سێبەرەوە ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکان ڕزگار بکات. بەڵام لە ژێر کاریگەریی ئەو گەمارۆیەی لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، هەناردەکردنی نەوتی نزیک بووەتەوە لە سفر.
ئێستا بەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئەمریکا، چاوەڕێدەکرێت ئێران بتوانێت کڕیاری زیاتر بدۆزێتەوە و نەوتەکەی بە نرخی گرانتر بفرۆشێت.
ئێران بەڵێنی بۆ داهاتوو وەرگرت
ڕەشنووسی یاداشتەکە زمانێک لەبارەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران لەخۆدەگرێت و داوای کردووە، دابەزێنرێت بۆ ئاستێکی کەمتر لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دا، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخرێتەڕوو. بەڵام دانوستانەکان لەسەر وردەکارییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران هێشتا ماون.
ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشوو کشایەوە و ڕایگەیاند، داهاتێکی گەورەی بە ئێران داوە و بە "خراپترین ڕێککەوتنی تاوەکو ئێستا" ناوی بردووە. بەڵام ڕێککەوتنە کاتییەکە هاندانێکی قازانجداری خستووەتە بەردەم ئێران ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ.
یەکێکیان هەڵگرتنی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکانە لە کۆتاییدا، کە پێدەچێت زیاتر لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بڕوات کە ئەو ڕێککەوتنە سزاکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی هەڵوەشاندەوە بەڵام سزاکانی دیکەی لە شوێنی خۆیان هێشتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەمریکا پێیوابوو، "تاران پشتیوانیی تیرۆر دەکات و مافەکان مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا پێشێل دەکات".
پێدانى 300 ملیار دۆلار بە ئێران
هەروەها ڕێککەوتنە کاتییەکە بەڵێنی سندوقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانەکردنەوەی زیانەکانی جەنگی ئێران دەدات. ڤانس ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی کەنداو ئەو بڕە وەبەرهێنانە دەکەن. بەڵام پێدەچێت وڵاتانی کەنداو ئامادە نەبن یارمەتی ئێران بدەن دوای ئەوەی ئێران لە جەنگەکەدا دامەزراوە نەوتییەکان و شوێنەکانی دیکەی ناو خاکەکەیانی بە ئامانج گرت.
ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە دووپاتیکردەوە، ئەمریکا یەک سەنت لە ئێران وەبەرهێنان ناکات و گوتی، ئەگەر ئێرانییەکان بیانەوێت وەبەرهێنان بکەن، ئەوە پەیوەندی بە وڵاتانی دیکەوە هەیە.
بۆ ئەوەی لە قەبارەی گەورەیی سندوقەکە تێبگەین، ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین، بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە سووریا، دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆیی وێرانکەر، پێویستی بە 215 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە؛ کەرتی غەززە کە تاکو ڕادەیەکی زۆر لە دوو ساڵی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا تەخت بووە، پێویستی بە 53 ملیار دۆلارە.
هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەڵێنی ئازادکردنی ملیاران دۆلاری سەروەت و سامانی ئێران دەدات کە لە دەرەوەی وڵات لە کاتی دانوستانەکاندا بلۆککراوە، ئەوەش بەپێی ڕێکارێک کە هەردوولا کاری لەسەر دەکەن.
پێناچێت مووشەک و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەسەر مێز بن
ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند، ئامانجەکانی جەنگیان "نەهێشتنی" کۆگاکانی مووشەکی ئێران و "پچڕاندنی پشتیوانییەکانی" بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکە و "لەناوبردنی هێزی دەریایی وڵاتەکەی" و دڵنیابوونە لەوەی کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت.
پێدەچێت حەوت هەفتەی بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە کۆگا و کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و هەروەها بەشە سەربازییەکانی دیکە ئێران گەیاندبێت.
بەڵام نازانرێت ئەو زیانە بە چ ڕاددەیەک چونکە ئێران لەم دواییانەشدا ئێران نزیکەی 30 مووشەکی دیکەی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. لەلایەکی دیکەوە، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ بریکارە چەکدارەکانی – حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و گرووپەکان لە عێراق وەک جاران بەهێز دەردەکەوێت.
پێناچێت لە دانوستانەکانی داهاتوودا نە پرسی مووشەک و نە پشتیوانیی ئێران لە گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لەسەر مێز بێت. لە ڕێککەوتنە کاتییەکەدا تەنیا ئەوە دیاریکراوە کە دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەبێت.
شەڕ لە لوبنان دەتوانێت هەڕەشە لە ڕێککەوتنەکە بکات
ڕێککەوتنە کاتییەکە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان دەکات کە ئیسرائیل شەڕی حیزبوڵا دەکات.
بەڵام ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لایەنی ڕێککەوتنەکە نین. ئێران پێداگری دەکات کە ئیسرائیل دەبێت لەو ناوچە بەرفراوانەی باشووری لوبنان بکشێتەوە کە لە مانگی ئازارەوە داگیری کردووە، بەڵام ڕێککەوتنە کاتییەکە بە ڕوونی ئاماژەی پێنەداوە، تەنیا پابەندبوون لە “یەکپارچەیی خاکی" لوبنان دووپات دەکاتەوە.
ئیسرائیل بەڵێنی داوە سەربازەکانی لەو ناوچەیە بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا حیزبوڵا دەڵێت پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل تاوەکو بە تەواوەتی لە خاکی لوبنان دەکشێتەوە. بەمەش شەڕی ئیسرائیل و لوبنان یەکێک دەبێتە لە ئاستەنگەکانی بەردەم بەردەوامیی ڕێککەوتنە کاتییەکە.
زۆربەی پرسەکان پەیوەستن بە ڕێککەوتنی کۆتایی
ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباما دانوستانی لەسەر کرا، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بۆ ماوەی 15 ساڵ بە توندی سنووردار کرد. لەو ماوەیەدا ئێران تەنیا دەیتوانی یۆرانیۆم تا ئاستێکی نزم، واتە 3.67%، کە زۆر لە خوار 90%ی پێویستی چەکی ئەتۆمییەوە. تەنها دەیتوانی 300 کیلۆگرام لە ماددەکە کۆبکاتەوە و دەبوو بە شێوەیەکی بەرچاو سەنتەرفیوژەکانی کەم بکاتەوە بۆ پیتاندن. هەروەها لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرایە ژێر چاودێری و پشکنینی توندترەوە.
یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان سنووردارکردنی ماوەی 15 ساڵە بوو، دوای ئەوە بە گوتەی نەیارانی ڕێککەوتنەکە، ئێران دەتوانێت بە خێرایی توانای بەرهەمهێنانی بۆمب بەرز بکاتەوە.
ئێستا پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت بە شێوەیەکی توندتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ڕێککەوتنی ئۆباما، بەرنامەی ئێران لە قاڵب بدات. ئەمریکا دەیەوێت ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خۆی بێت یان ئاستی پیتاندنەکەی کەم بکاتەوە، کە ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەک تۆڵەکردنەوەیەک پەرەی پێدا، دوای ئەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کشایەوە.
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێرانیش بەو داوایە ڕازی بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە داوای مافی دووبارە پیتاندنەوەی یۆرانیۆمەکەی دەکات بۆ مەبەستی ئاشتییانە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا