ڕێکخراوی ئاران ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری سەبارەت بە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی نەخۆشخانەیەک
وێنەی نەخۆشخانەیەک

ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتووری مەدەنی بەپشتیوانی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی ساڵانە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری سەبارەت بە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتی ژمارە شەشی ئەمساڵیاندا کۆمەڵێک زانیارییان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای تەندروستیی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

قەیرانی دەرمان

هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی گەورەی دەرماندا تێپەڕدەبێت  و ڕێکخراوی ئاران دەڵێت '' بەپێی ئەو زانیارییانەی تیمەکانمان دەستیان کەوتووە،  %96 ـی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لە کەرتی تایبەت دەرمان دەکڕن، ئەمەش تێچوویەکی دارایی زۆر لەسەر هاونیشتمانییان دروست دەکات، لە باردودۆخی ئێستادا تەنیا %4ـی هاونیشتمانییان دەرمانیان لە کەرتی گشتی دەستدەکەوێت.

چارەخوازانی شێرپەنجە

چارەخوازانی شێرپەنجە %60 ـیان لە کەرتی تایبەت دەرمان دەکڕن، نرخی دەرمانی شێرپەنجە لە کەرتی تایبەت زۆر زۆرە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی جیهان بابەتی شێرپەنجە وەکو بابەتێکی مرۆیی تەماشا دەکرێت، کۆمپانیاکان سوودی دارایی لە ئەم بابەتەدا وەرناگرن و بەهەماهەنگیی خێرخوازان دەرمان بۆ چارەخوازانی شێرپەنجە دابین دەکەن، لە هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە بووەتە سەرچاوەی سوودی دارایی زۆر گەورە بۆ بەشێک لە کۆمپانیاکان، بابەتی شێرپەنجە لە بابەتێکی تەواو مرۆییەوە گۆڕاوە بۆ بابەتێکی سوودی دارایی و بازرگانییەکی تەندروستیی مەترسیدار.

گەشەی کەرتی تایبەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان 79 نەخۆشخانەی کەرتی تایبەتی تەندروستی بوونی هەیە، هاوشێوەی نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتیی تەندروستی نەشتەرگەری بۆ چارەخوازان ئەنجام دەدەن، بەپێی ئەو داتایانەی ڕێکخراوی ئاران دەستی کەوتووە ساڵانە نەخۆشخانە تایبەتەکان نزیکەی 102 هەزار نەشتەرگەری بۆ چارەخوازان ئەنجام دەدەن، هیچ کام لە نەشتەرگەرییەکانیش بە بێ بەرامبەر بۆ چارەخوازان ئەنجام نادرێن و نەشتەرگەریی گرانبەهان، ئەم حاڵەتەش پێچەوانەی بنەماکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە کە یەکێک لە بنەماکانی دەڵێت '' نابێت هاوڵاتی خۆی هەژار بکات بۆ بەدەستهێنانی چارەسەر و دەبێت بە ئاسانی چارەسەری دەست بکەوێت''.

بارودۆخ و ڕەوشی پەرستاران لە کەرتی تەندروستیی تایبەت

نزیکەی 10 هەزار پەرستار لە هەشت هەزار دامەزراوەی کەرتی تەندروستیی تایبەتدا کار دەکەن، ئەم پەرستارانە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی زۆر و مەترسیدار دەبنەوە، رێکخراوەکە لەگەڵ 1600 پەرستاردا گفتوگۆی کردووە، دەرکەوتووە : %10ـی پەرستاران بە بێ بەرامبەر کاریان پێدەکرێت، هەندێک پەرستار بۆ ماوەی 90 ڕۆژ بێ بەرامبەر وەکو تاقیکردنەوەی ئەزموون کاریان پێکراوە و دواتر لە کارەکانیان دەرکراون، ئەم حاڵەتە یەک جار ڕووی نەداوە و لە چەند دامەزراوەیەکی تەندروستی لە کەرتی تایبەت دووبارە بووەتەوە، ئامانجەکەیان ئەوە بووە بە بێ بەرامبەر کار بە پەرستاران بکەن، %16 ـی پەرستاران لەدەرەوەی پسپۆڕیی خۆیان کاریان پێدەکرێت و ڕیکلامیان پێدەکرێت بۆ دامەزراوەکانیان لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی ئەوان نییە، پەرستار هەبووە تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی زۆر تووند بووە لەبەر ئەم هۆکارە. %4ـی پەرستاران لە کەرتی تایبەت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خاوەنکاران یان کەسوکاری چارەخوازانەوە، %3ـی پەرستاران رووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە، %84ـی ئەو پەرستارانەی گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵدا کراوە، لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکەدا هیچ مەرجێکیان جێبەجێ نەکردووە، لە کاتێکدا لە گرێبەستدا دەبێت مەرجی هەردوولا جێبەجێ بکرێن، %57ـی پەرستاران کە لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ ئەنجام نەدراوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کاریان پێدەکرێن، %64ـی پەرستاران مۆڵەتی دایکایەتیان پێنادرێن، لە کاتێکدا یاسا ئەم مۆڵەتەی بۆ پەرستاران فەراهەم کردووە،  %88ـی پەرستاران بە مووچەی زۆر نزم کار دەکەن، هەندێک لە پەرستاران مووچەکانیان تەنیا 150 هەزار دینارە، %57ـی پەرستاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە، هەندێکیان نازانن دەستەبەری کۆمەڵایەتی چییە، بە شێوەیەکی گشتی پەرستاران بەسەر سێ گروپدا دابەش بوون:

  1. بەشێک لە پەرستاران لە کەرتی گشتیدا بە خۆبەخش کار دەکەن
  2. بەشێک لە پەرستاران لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن بەڵام گوزەرانیان خراپە
  3. بەشێک لە پەرستاران بێ کارن، وازیان لە خەونی بوون بە پەرستار هێناوە و کاری دیکە دەکەن

بەشێک لە پەرستاران دەڵێن '' مانگی واهەبووە تەواوی مووچەکەمان داوەتەوە بە خاوەن کارەکەمان لە بەرامبەر شکاندنی کەلوپەلی ناو نەخۆشخانەدا، لە کاتێکدا ئێمە نەمان شکاندووە ''، ڕێکخراوەکە دەڵێت " لە هەرێمی کوردستان ئەوەی بەرامبەر پەرستاران دەکرێت لە کەرتی تایبەت دەتوانین پێی بڵێین: بەکۆیلەکردنی مۆدێرن ''.

باردودۆخی چارەخوازانی نەخۆشییە دەروونییەکان

ئەو چارەخوازانەی دووچاری نەخۆشییە دەروونییەکان بوونەوەتەوە بارودۆخیان زۆر لاوازە و پێویستان بە یارمەتییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم چارەخوازانە یارمەتی نادرێن، 45-46 ناوەندیی تەندروستی هەن بۆ چارەسەری چارەخوازانی نەخۆشییە دەروونییەکان، ساڵانە 330 هەزار کەس سەردانی ئەم ناوەندانە دەکەن، لە وڵاتانی دیکە بەچاوی بەزەییەوە تەماشای ئەم چارەخوازانە دەکرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەچاوی بازرگانییەوە تەماشا دەکرێن، لە هەرێمی کوردستان لە دوای دەرمانی شێرپەنجە، گرانترین دەرمان دەرمانی چارەخوازانی نەخۆشییە دەروونییەکانە، چارەخوازانی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێن '' لەبەردەم دوو ڕێگەداین، ڕێگای یەکەم: بەتەواوی خۆمان هەژار بکەین بۆ کڕینی دەرمان، ڕێگای دووەم: دەرمان نەکڕین و لەگەڵ خەم و پەژارەی نەخۆشییەکەماندا بژین"، کە ئەمە کارێکی زۆر نا مرۆییانەیە، دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتی تەندروستی بۆ چارەسەری چارەخوازانی نەخۆشییە دەروونییەکان هیچ مەرجێکیان تێدا نییە، کە دەبێت لە کلینیکی پزیشکی دەروونیدا هەبێت، بەڵکو وەکو کلینیکێکی پزیشکی ئاسایی تەماشا دەکرێن.

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا