لە شەش مانگدا 30 گەشتیار لە بەنداو و ڕوبارەکان خنکاون

رۆز سەڵاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا
حاڵەتێکى خنکان لە زێى گەورە.. وێنە ئەرشیف
حاڵەتێکى خنکان لە زێى گەورە.. وێنە ئەرشیف

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە بەرزبونەوەی ئاوی چەم و ڕوبارەکان دەدات و داوا دەکات هیچ گەشتیارێک مەلە نەکات چونکە ئاوی ڕوبارەکان زۆر سارد و بەخوڕن تیایدا سەلامەت نابن.

بەرزبوونەوەى ڕێژەى خنکان

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە کەناڵ8ـی راگەیاند "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 30 گەشتیار لە نێو بەنداو و ڕوبارەکاندا خنکاون، هەندێک لەو قوربانیانە مەلەوانی باشیش بوون بەڵام ئاوی ڕوبارەکان زۆر سارد و تیژە و سروشتی ڕوبارەکانیش قوڵی و تەنکی زۆری تێدایە ناتوانن بە سەلامەت لە ئاوەکە بێنە دەرەوە".

تەمەنى ئەوانەى خنکاون چەندن؟

گوتیشی "98٪ـی ئەو کەسانەی لە ئاوەکاندا خنکاون تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵیدایە، لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان لە ڕێگەی تابلۆوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی داوایان کردووە تکایە مەلە مەکەن، ئەمساڵ بەهۆی زیادبوونی ئاوی بەنداوەکان مەلەکردن زۆر ئەستەمە".

مەرجەکان بۆ خاوەن کارەکان چین ؟

سەرکەوت کاڕەش، دەشڵێت "تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان و خاوەن بەلەمە گەشتیارییەکان دەبێت مەلەوان بن و لەم شەش مانگە بە ئامار 130 کەس لە خنکان ڕزگارکراون و چوونە ناو بەلەمە گەشتیارییەکان بە بێ هێلەک و چوپی مەلەوانی قەدەغەیە، ئەوەی لە کارەسات دورماندەخاتەوە مەلەنەکرد و دورکەوتنەوەیە لە ڕوبارەکان".

رۆز سەڵاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا