مەسروور بارزانى پەیامێکی لەسەر گەڕانی هاونیشتمانییان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بڵاوکردەوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەسەر گەڕانی نۆ ڕۆژی ڕابردووی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییانى هەڵەبجە بۆ تەرمی کچە گەشتیارێکی عەرەب کە لە ئاوی چەمی زەڵم دا خنکابوو بڵاوکردەوە و دەشڵێت، ئەو گەڕان و خۆشەویستی و جوامێرییە، هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان.

پەیام بۆ خەڵکى هەڵەبجە و هەورامان

مەسروور بارزانی، سوپاسی خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەپاش گەڕانی بەردەوامدا بوون و دەشڵێت، "هەوڵێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی ڕوقیا" بە تایبەتییش دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە کردووە کە ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبووە.

ڕێنمایی و ڕێکارەکان تووند بکرێنەوە

هەر لە پەیامەکەدا مەسروور بارزانی باسی لەوەکردووە، لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوتۆڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو.

پەیام بۆ هاونیشتمانییان و گەشتیاران

مەسروور بارزانی، داواشی لە هاونیشتمانییان و گەشتیاران کرد، ڕێنماییەکان لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا