پارتی دەم مانگی ئەیلول کۆنگرە دەکات و پەیڕەوی خۆی دەگۆڕێت

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆى پارتى دەم
لۆگۆى پارتى دەم

پارتی دەم ئەیلولی ئەمساڵ پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەکات. بڕیارە لە کۆنگرەکەدا پەیڕەوی ناوخۆ بگۆڕدرێت و نەخشەڕێگەی داهاتووی حیزبەکەش دابنرێت.

پێنجەمین کۆنگرەى پارتى دەم

ئەلیف بوڵوت، یاریدەدەری هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی دەم، بە میدیای نزیک لە حیزبەکەی ڕاگەیاند، 20ـی ئەیلولی ئەمساڵ، لە شاری ئەنقەرە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەکەن و لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەکە دەستیان پێکردووە.

کۆنفڕانسى لقەکان

بوڵوت ئاماژەی بەوەکردووە، لە شار و شارۆچکەکانەوە دەست بە کۆنفڕانسی لقەکان دەکەن، تاوەکو دەگات بە کۆنگرەی گشتی حیزبەکە و ئامانجیان ئەوەیە، مانگی شوبات کۆنگرەی شار و هەرێمەکان تەواو بکەن.

ناوى پارتى دەم دەگۆڕێت؟

بوڵوت، باسی لە گۆڕینی ناوی پارتی دەم نەکردووە، کە چەند مانگێک پێش ئێستا لەلایەن میدیای تورکیاوە باسی لێوە کرا، بەڵام گوتی، پەیڕەوی ناوخۆ و پڕۆگرامی حیزبەکەیان دەگۆڕن و نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەشیان دادەنێن.

لە چوارچێوەی کۆنگرەدا، هاوسەرۆکان، ئەنجوومەنی پارت و ئەنجوومەنی ناوەندی بەڕێوەبردن هەڵدەبژێردرێن و دیاری دەکرێن.

چوارەم کۆنگرە

چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی دەم لە 2023 کرا، کە پێشتر ناوی پارتی چەپی سەوز "یەسەپە" بوو. لە کۆنگرەکەدا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، بە هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردران.

پارتى دەم لە هەڵبژاردنەکانى 2024

پارتی دەم لە دوواین هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە لە 31ـی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو، 73 شارەوانی لە باکووری کوردستان و تورکیا بردەوە و لەو ژمارەیە، 11 شارەوانییان هاوسەرۆکەکانیان دوورخرانەوە و قەیوومیان بۆ دانرا.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا