پارێزگاری کەربەلا پەیامێکی سوپاسگوزاری بۆ هەڵەبجە و خەڵکەکەی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا
نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا

پارێزگاری کەربەلا پەیامێک بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و تیایدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە دەکات و دەشڵێت، ئەو هەڵوێستە مرۆڤ دۆست و هەستە ڕاستەقینەیەیان، جوانترین ماناکانی برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی نیشاندا.

پەیامەکە بە زمانى کوردى و عەرەبییە

نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا، پەیامێکی لە بارەی گەڕانی ڕۆژانی ڕابردووی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییانى هەڵەبجە بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ڕوقەییە دەربڕیوە.

هەڵوێستى مرۆڤدۆستى و ماناى برایەتى

لە پەیامەکەدا پارێزگاری کەربەلا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی نوخشە ناسیح پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە کردووە و دەشڵێت، "ئەو هەڵوێستە مرۆڤ دۆست و هەستە ڕاستەقینەیەیان جوانترین ماناکانی برایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانی نیشاندا و جەخت دەکاتەوە "ئەو هاوخەمی و پشتیوانییەی بۆ ئەو خێزانە کەربەلاییە دەریان بڕی، بەڵگەی ڕەسەنایەتی گەلی عێراق و بەها مرۆڤایەتییەکانییەتی و دەشڵێت، هەمیشە جێگای شانازی و پێزانینە لەلایەن خەڵکی کەربەلاوە.

پارێزگارى کەربەلا سەردانى هەڵەبجە دەکات

پارێزگاری کەربەلا ڕاشیگەیاندووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا بە سەردانێکی فەرمی دێتە پارێزگای هەڵەبجە بۆ پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بە پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجەی.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا