جوڵەی کەشتییەکانی گەرووی هوورمز دەستیانپێکردەوە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گەرووى هوورمز بەڕوى کەشتییەکان کرایەوە
گەرووى هوورمز بەڕوى کەشتییەکان کرایەوە

یەکێک لەو خاڵانەی لەگەڵ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا چووە بواری جێبەجێکردن، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران بوو لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆکەی ئێرانیش بوو لەسەر گەرووی هوورمز.

کەشتییەکان دەستیان بەجوڵە کرد

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕەکانی چاودێری جوڵەی ئاوی گەرووەکە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک کەشتی دەستیان بە جوڵە کردووە و ژمارەیەکیشییان گەرووەکەیان تێپەڕاندووە.

مارین ترافیک بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ کەشتییەکى بارهەڵگر بە ئاڵای فەڕەنساوە لە ڕێگەی گەرووی هوورمز وڵاتانی کەنداوی بەجێهێشتووە.

جوڵەى دووەم کەشتییەکى نەرویجییە

بەگوێرەی ماڵپەرەکە، کەشتییەک کە خاوەندارێتیەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای نوتسێن OASی نەرویجییە و نزیکەی 77 هەزار تۆن گازی ئێڵ ئێن جی هەڵگرتووە، هەر لە وێبسایتەکەدا هاتووە کە گازەکە لە قەتەرەوە بەرەو پاکستان دەگوازرێتەوە.

کەشتیەکانى سعودییەش جوڵەیان کرد

هەر لە ماڵپەرەکانی چاودێری جوڵەی ئاوی هاتووە، سێ کەشتی دیکەش بە ئاڵای سعودییە و شەش ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بە گەرووی هوورمز تێپەڕیون.

گەورەترین جوڵەى دەریایی

بەگوێرەی ئەو شیکاریەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، جوڵەی ئەم سێ کەشتییە لە بەندەرەکانی سعودییەوە بۆ ناو گەرووەکە، گەورەترین جوڵەی دەریایی بووە لە ماوەی چەندین هەفتە تۆمار کرابێت.

دەریاى سوور وەک جێگرەوە بۆ سعودییە

بە گشتیش لەو کاتەوەی گرژییەکان دەستیانپێکرد لە 28ـی شوبات، سعودییە بەندەرەکانی لە دەریای سوور بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەکارهێناوە.

هۆنگ کۆنگ و قەتەریش بێبەش نەبوون

لە پاڵ هەموو ئەمانەش کەشتییەکی دیکە بە ئاڵای هۆنگ کۆنگەوە، سوتەمەنی ئەبوزەبی هەڵگرتبوو هەر ئەمڕۆ گەرووەکەی تێپەڕاندووە، کەشتییەکی قەتەڕ ئینێرجیش چووەتە ناو گەرووەکە.

بە گشتی جوڵەی کەشتییەکانی گەرووی هوورمز کە ماوەی چەندین مانگە پەکی کەوتووە، دەستیپێکردووەتەوە، ڕۆژی یەکشەممەش لەگەڵ ڕاگەیاندنی لێکتێگەشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند، دوای چەند ڕۆژێک گەرووەکە دەکرێتەوە.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا