بافڵ جەلال تاڵەبانی: ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دەباشان کۆبوونەوە و تێیدا جەختیان لە پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کردەوە.

بەشداربوانی کۆبوونەوەکە و مژارە سەرەکییەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی مەحموود سەنگاوی، پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی عێراق تاوتوێ کران.

هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق

هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کردەوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

نرخاندنی ڕۆڵی قاسم ئەعرەجی

بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی قاسم ئەعرەجی کرد لە پاراستنی سەقامگیریی وڵاتدا و ڕایگەیاند، ئەعرەجی بە دیدگایەکی نیشتمانییەوە خزمەت دەکات و کاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر کۆدەنگییە ئەمنییەکان.

هەڵوێست لەسەر ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی و قاسم ئەعرەجی خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران. هەردوولا ئەو ڕێککەوتنەیان بە "مێژوویی" ناوبرد و بە فاکتەرێکی گرنگیان زانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا