ئەکسیۆس: ئیسرائیل خۆی بە پابەندکەر لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا نازانێت

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان. فۆتۆ: AFP
ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان. فۆتۆ: AFP

ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، تەلئەڤیڤ خۆی بە پابەندکەر نازانێت بەو خاڵەی لە لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران هاتووە و باس لە ڕاگرتنی جەنگ لە لوبنان دەکات.

کشانەوە بە مەرجی چەکدانانی حیزبوڵا

بەگوێرەی ئەو ڕاوێژکارە بێت، نەتانیاهوو، دۆناڵد ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە، ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵی کردوون تاوەکو ئەو کاتەی حیزبوڵا چەک دادەنێت ناکشێتەوە.

چاودێریکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە ئێستا چاودێریی لێکتێگەشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی، لە ناویاندا دۆخی لوبنان، داهاتووی بوونی حیزبوڵا لەسەر ڕووباری لیتانی و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش.

پەیامی توندی ترەمپ بۆ نەتانیاهوو

یەکشەممەی ڕابردووش، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، ترەمپ پەیامێکی توندئامێزی ئاڕاستەی نەتانیاهوو کرد لەسەر ئەو هێرشانەی بە ماوەیەکی کورت لە ڕێککەوتنەکە ئەنجامدران.

لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵ 12ـی ئیسرائیل، ترەمپ ڕایگەیاند، ڕازی نەبووە لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە و کاتەکەی توڕەی کردووە.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا