پارتی دەم مانگی ئەیلول کۆنگرە دەکات و پەیڕەوی خۆی دەگۆڕێت

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی پارتی دەم
لۆگۆی پارتی دەم

پارتی دەم، مانگی ئەیلولی ئەمساڵ پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەکات. بڕیارە لە کۆنگرەکەدا پەیڕەوی ناوخۆ بگۆڕدرێت و نەخشەڕێگەی داهاتووی حیزبەکەش دابنرێت.

لە ئەنقەرە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەکەن

ئەلیف بوڵوت، یاریدەدەری هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی دەم بە میدیای نزیک لە حیزبەکەی ڕاگەیاند، 20ـی ئەیلولی ئەمساڵ، لە شاری ئەنقەرە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەکەن و لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەکە دەستیان پێکردووە.

کۆنفڕانسی لقەکان لە شار و شارۆچکەکانەوە دەستپێدەکات

بوڵوت ئاماژەی بەوە کردووە، لە شار و شارۆچکەکانەوە دەست بە کۆنفرانسی لقەکان دەکەن، تاوەکو دەگات بە کۆنگرەی گشتی حیزبەکە و ئامانجیان ئەوەیە، مانگی شوبات کۆنگرەی شار و هەرێمەکان تەواو بکەن.

دانانی نەخشەڕێگەیەکی نوێ

بوڵوت باسی لە گۆڕینی ناوی پارتی دەم نەکردووە، کە چەند مانگێک پێش ئێستا لەلایەن میدیای تورکیاوە باسی لێوە کرا، بەڵام گوتی، پەیڕەوی ناوخۆ و پرۆگرامی حیزبەکەیان دەگۆڕن و نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەشیان دادەنێن.

لە چوارچێوەی کۆنگرەدا، هاوسەرۆکان، ئەنجوومەنی پارت و ئەنجوومەنی ناوەندی بەڕێوەبردن هەڵدەبژێردرێن و دیاری دەکرێن.

چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی دەم لە 2023 کرا، کە پێشتر ناوی پارتی چەپی سەوز "یەسەپە" بوو. لە کۆنگرەکەدا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، بە هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردران.

پارتی دەم لە دوایین هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە لە 31ـی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو، 73 شارەوانی لە باکووری کوردستان و تورکیا بردەوە و لەو ژمارەیە، 11 شارەوانییان هاوسەرۆکەکانیان دوورخرانەوە و قەیوومیان بۆ دانرا.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا