تیمی هەڵبژاردەی ئێران گلەییان لە مامەڵەی ئەمریکا هەیە

مەستان حوسامەدین 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژی سێشەممە، لە چوارچێوەی يارييەکانی جامی جيهانيدا ياری نێوان هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران و نيوزلەندا بەڕێوەچوو بە دوو گۆڵ يەکسان بوون، بەڵام تيمی پزيشکی هەڵبژاردەی ئێران گلەييان هەيە لە مامەڵەی ئەمريکا لەگەڵياندا و دەڵێن "بەهۆی نەبوونی کاتەوە يارييەکەيان بە قەلەقی و لەژێر فشاردا کردووە".

تیمەکە مانەوەیان سنووردارە

حکومەتی ئەمريکا کاتی مانەوەی تيمی ئێرانی لە وڵاتەکە زۆر سنووردار کردووە، ناچارن ڕۆژێک پێش يارييەکە بچنە ئەمريکا و دوای تەواوبوونيشی دەستبەجێ و لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا ياريگا و خاکی ئەمريکا بەجێبهێڵن و بچنە مەکسيک و تاوەکو ياری داهاتوو لەوێ بمێننەوە.

پاولۆ ئەلێکساندەر ئاراوخۆ کە ئەندامی تيمەکەی ئێرانەوە و پزيشکی هەڵبژاردەکەيە بە ڕۆژنامەی نيويۆرک تايمزی گوتووە، بەهۆی ئەوەی کاتيان ئەوەندە کەمبووە ناچار بووە لەناو فڕۆکەکەياندا و لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ مەکسيک چارەسەر بۆ ياريزانەکان بکات و باندج بە دەست و قاچی ئەوانەوە ببەستێت کە پێويستيانە.

تەنانەت دەڵێت، "ئەو لەکاتی ئاسايدا داوا لە ياريزانەکان دەکات دوای يارييەکە بۆ ماوەی 12 خولەک بچنە ئاوێکی سەهۆڵاوەوە بۆ ئەوەی فشاری يارييەکەيان لەسەر نەمێنێت، بەڵام ئەمجارە بەهۆی کەمی کاتەوە ناچاربووە بە ياريزانەکان بڵێت تەنيا يەک خولەک بچنە ئاوە ساردەکەوە و بێنە دەرەوە و بە خێرایی خۆيان بشۆن، چونکە دەبێت دەستبەجێ بڕۆن".

باس لەوەشدەکات، ڕۆژی يەکشەممە لە کاتی گەيشتنيشيان بۆ ئەمريکا تيمەکە ڕووبەڕووی چەندين ڕێکار و پرسيار بوونەتەوە چ لە فڕۆکەخانە و چ لە کاتی سەرکەوتنيان بۆ ناو پاسەکەيان و ئەوە چەند کاتژمێرێکی خاياندووە لەبری ئەوەی بچنە هۆتێل و پشوو بدەن و زوو بچنە ناو ياريگا و هەڵسەنگاندن و ئامادەکاری بۆ يارييەکەيان بکەن.

گلەییەکان بەردەوامن

گوتەبێژی بەشی گومرگی و پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا لەبارەی قسەکانی ئەو ئەندامەی تيمەکەی ئێرانەوە دەڵێت، "هەموو 55 ئەندامانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، بە یاریزانان و ستافەوە، کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجلس و پشکنينيان بۆ کراوە بەبێ ئاستەنگ داخڵی وڵاتەکە بوون".

دەشڵێت، "لە سەرجەم ئەو شارانەی يارييەکانيان تێدا بەڕێوەدەێت هاوسەنگييان ڕاگرتووە و هەم ڕێوشوێنی توند دەگيرێتەبەر و هەم ئاسانکاريش دەکرێت".

ئێران نووسراوێکی بۆ فيفا کردووە بۆ ئەوەی ڕێکارييەکانی مانەوەی هەڵبژاردەکە لە ئەمريکا ئاسان بکات و کاتی مانەوەيان بۆ زياد بکەن تاوەکو ئامادەکاریی تەواو بکەن.

ياری داهاتووی ئێران، شەوی يەکشەممە کاتژمێر 10 بە کاتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەلجيکا دەبێت لە کاتەکانی نيوەڕۆدا دەبێت بە کاتی ئەمريکا ئەوەش ترسی ئەوەی لای تیمی ئێران دروستکردووە کاتێکی کەمتريان هەبێت بەراورد بە يارييەکەی بەرامبەر نيوزلەندا

مەستان حوسامەدین

4 کاتژمێر پێش ئێستا