ژمارەیەک خانەنشین لە سلێمانى 17 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە
ژمارەیەک کارمەندى وەزارەتى ناوخۆ لە ژمارەیەک فەرمانگەى جیاواز لە سلێمانى پەیوەندییان بە کەناڵ8 کردووە، دەڵێن لە ساڵى ڕابردووەوە بڕیارى خانەنشین بوونیان دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەى خانەنشینى و پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەیان وەرنەگرتووە، کەناڵ8 دۆسیەى ئەم کارمەندانە دەگەیەنێتە وەزارەتى ناوخۆ و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە سلێمانى.
مامەڵەکانیان دواکەوتووە
بەڕێوەبەرایەتیى خانەنشینى سلێمانى لەبارەى کێشەکەوە دەڵێت ئەو کارمەندانە ساڵى رابردوو ڕەوانەى خانەنشینى کراون، بەڵام وەزارەتى ناوخۆ سەرەتا ڕەزامەندى نەداوە بەخانەنشینبوونیان بۆیە جارێکى دیکە ڕەوانەى خانەنشینى کراونەتەوە و مامەڵەکانیان لە وەزارەتەکەى خۆیان دواکەوتووە.
وەزارەتى ناوخۆ لەبارەى کێشەکە چی دەڵێت؟
بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتەکە ڕایگەیاند، هەر کارمەند و ئەفسەرێک کێشەى لە ڕاییکردنى مامەڵەکەى هەبێت، لەڕێگەى کەناڵ8ـەوە پەڕاوەکەى بنێرێت بەدواداچوونى بۆ دەکەن و ئەگەر گرفتى یاسایی نەبێت مامەڵەکانیان بۆ تەواو دەکرێت.
بەدواچوونی کەناڵ8
کەناڵ8 پەیوەندى بە ئەشرەف فازیل، بەڕێوەبەرى گەنجینەى دووى سلێمانییەوە کرد و گوتى "هەر کارمەندێک مامەڵەى ساڵى ڕابردوو ڕەوانەى خانەنشینى کرابێت و پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەى وەرنەگرتبێت دەتوانێت ڕۆژى یەکشەممە سەردانمان بکات و سەرجەم پاداشتەکەى بۆ خەرج دەکەین".
هیچ کارمەندێک نەماوە پاداشتی خانەنشینی وەرنەگرتبێت
بەڕێوەبەرى گەنجینەى دووى سلێمانى جەختدەکاتەوە، لە سلێمانى هیچ فەرمانبەر و کارمەندێک نەماوە کە ساڵى ڕابردوو ڕەوانەى خانەنشینى کرابێت و پاداشتەکەى وەرنەگرتبێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا