لە عێراق باس باسی جوامێرایەتی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامانە

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
خەڵک و پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەڕێکردنەوەی تەرمی ڕوقییە بۆ شاری کەربەلا
خەڵک و پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەڕێکردنەوەی تەرمی ڕوقییە بۆ شاری کەربەلا

ئەوەی سیاسەت و ململانێى نەتەوەیى درزى تێخست، مرۆڤ دۆستی و جوامێری خەڵکی هەڵەبجە و خورماڵ و هەرێمی کوردستان دروستى کردەوە، بەمشێوەیە بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتیان لە هەڵوێستی خەڵکی هەورامان و هەڵەبجە کرد.

باسکردنی هەڵوێست و جوامێری

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق باس باسی هەڵوێست و جوامێری و مرۆڤ دۆستیی خەڵکی خورماڵ، هەڵەبجە و هەرێمی کوردستانە.

ماوەی نۆ ڕۆژە دەیان خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پێشمەرگە، ئاسایش سەرقاڵی گەڕان بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو مێردمنداڵەی لە سەرچاوەی زەڵم خنکا.

بەڕێکردنەوەی تەرمەکە لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا

دوێنێ تەرمی کچە کەربەلاییە دۆزرایەوە، دوای چەند کاتژمێرێک کارکردن بەهۆی گیرخواردنی تەرمەکەوە لەنێوان دوو تاشەبەردی گەورە، دواجار تەرمەکەی لە ئاوی زەڵم دەرهێنرا، تەرمەکەیان لە هەڵەبجە شۆرد و نوێژی مردوویان لەسەر کرد و ئەمڕۆش لە ڕێوڕەسمێکى شایستەدا، لەلایەن خەڵکی ناوچەکە، بەرپرسانی ئیداری و ئەمنییەوە ڕەوانەی زێدی خۆی کرا.

سەرەتا لە مۆنۆمێنتى شەهیدانى هەڵەبجە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایى ڕێکخرا و پاشان تەرمەکە برایە شارۆچکەى خورماڵ و لەناو بازاڕ چین و توێژەکانى شارەکە بە گوڵ پێشوازى و ماڵئاوایى لە تەرمەکە کرد، پاشان لەناو بازاڕى سەیدسادقیش بە هەمانشێوە خەڵک بە گوڵەوە لە پێشوازیدا وەستابوون.

پێشوازیکردن لە هەڵوێستی خەڵکی خورماڵ و هەڵەبجە لە لایەن هاوڵاتیانی باشوور و ناوەراستەوە

ئەم هەڵوێستەی خەڵکی خوڕماڵ و هەڵەبجە و کوردستان و هاوسۆزییان بۆ کەسوکاری قوربانییەکە، لەلایەن هاوڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا هەمووان ستایشی جوامێری و مرۆڤ دۆستی کورد دەکەن.

پەیجی هەواڵەکانی پارێزگای کەربەلا لە پۆستێکدا دەڵێت بەناونیشانی "لە هەڵەبجەوە بۆ کەربەلا هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستی کاریگەر" نووسیویەتی "برایانی کورد لە هەڵەبجە، ڕەتیانکردنەوەی تەرمی ڕوقیە ئەو کچە کەربەلاییەی خنکا، بەبێ ماڵئاوایی خوێندنی فاتیحە و دانانی گوڵ لە شارەکەیان تێپەڕێت".

دەشڵێت "بەشدارییان لە خەمی کەسوکارەکەی کرد، بە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و نزایەکی پاکەوە لە دیمەنێکدا کە بەڵگەیە مرۆڤ دۆستی لەسەرووی هەموو سنوور و ئینتیمایەکەوەیە، هەڵوێستێکە ڕەسەنایەتی و بەخشندەیی پیشاندەدات، ڕەنگدانەوەی قوڵی پەیوەندییە مرۆییەکانە کە ڕۆڵەکانی عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە".

شاهیدی ڕەسەنایەتی خەڵکی هەڵەبجە

هاوڵاتییەک بەناوی ئەبو ئەحمەد کەربەلائی، لە تۆڕی فەیسبووک لە کۆمێنتێکدا نووسیویەتی "بۆ خەڵکی هەڵەبجەی سەربەرز، وشە و ڕاگەیێنراوەکان بێت ناتوانن گوزارشت لە هەستی پێزانین و چاکە بکەن سەبارەت بەو هەڵوێستە مرۆڤانە شکۆمەندەتان سەلمانتان برایەتیی ڕاستەقینە سنوور نازانێت، دڵە باشەکان لەسەر مرۆڤایەتی و بەزەیی پێش هەموو شتێکی دیکە کۆدەبنەوە، ئەو هەڵوێستە وەفاداری و جوامێرانەیەتان لە یادمان دەچەسپێت، شاهیدی ڕەسەنایەتی خەڵکی هەڵەبجە و بەخشندەییان دەبێت.

پەیامی ڕاگەیەنکارێک

محەممەد عەمرانی، ڕاگەیاندنکارە لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی، پارێزگاری هەڵەبجە بە باوکی ڕوقیەی گوت، براکەم تۆ ئێستا تەنیا کەسوکارت لە شارەکەی خۆت نییە، ئێستا کەسوکار و ماڵێکی دیکەت لە هەڵەبجە، سلێمانی و تەواوی کوردستان هەیە، خەمی ئێوە بوو بە خەمی ئێمە، هەر پێویستییەکت هەبوو ئێمە کەسی تۆین و دوو دڵ مەبە.

ئەو ڕاگەیاندنکارە پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتییانی ناوەڕاست و باشوور دەکات و دەڵێت، لە بیرتان بێت کاتێک کێشەیەکی سیاسی ڕوودەدات یان هەندێک هەڵسوکەوتی تاکەکەسی هاوڵاتییەکی کورد دەبینیت، ڕاستەوخۆ هێرش مەکە، قسەی بریندارکەر مەنووسە دژی کورد، کورد گەلێکی باش و بێ زیان و خێرخوازن، ئەوان بە درێژی مێژووی ڕووبەڕووی ستەم بوونەتەوە، هیچکاتێک تووندوتیژی نەبوون لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە، لەبیرتان بێت ئەوان ڕۆڵەی وڵاتەکەتن، پشتێنی کەمەرتن کاتێک ناخۆشییەکان تەنگت پێهەڵدەچنن، لە بیرتان بێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا ڕێڕەوی تاڤگەکانیان گۆڕی، دارەکانیان بڕییەوە کە لە دڵیاندا زۆر ئازیزە و هەمووان وەک یەک کەس بۆ گەڕان بەدوای تەرمی کچێکی بچووکدا گەڕان کە بۆ گەشتکردن سەردانی ناوچەکەی کردبوو، بیرتنەچێت ئەوان باوک و کوڕ و پشتیوانی کەسوکاری ئەو کچە بوون، پشتیوانیان کردن، میوانداریان کردن، هاوبەشی خەمەکانیان بوون، شارێک بە تەواوەتی لەپێناو چاوی کچەکەتان وەستابوون.

هەروەها ئەو ڕاگەیاندنکارە زیاتر دەڵێت "بریتان نەچێت، هێزەکانی پێشمەرگە هێزێکی مرۆڤ دۆستن پێش ئەوەی جەنگاوەربن، سەنگەرەکانیان جێهێشت و ڕوویان لەو ئاوە ساردە کرد بۆ گەڕان بە دوای تەرمی کچێکی بێتاوان".

ڕۆحی مرۆڤ لای کورد

ساجد ئەحمەد سامەڕائی لە تۆڕی فەیسبوک نووسیویەتی، لای کورد ڕۆحی مرۆڤ پیرۆزترین و بەبەهاترینە لە هەموو شتێک، چونکە دروستکراوی خودای گەورەیە.

دەشڵێت، "کاتێک کچەکەی کەربەلا خنکان، هەمووان بۆ ماوەی نۆ ڕۆژی بەردەوام سەرقاڵی گەڕان و پێشکەشکردنی یارمەتی بوون، بەردەکانیان شکاند، دەرەکانیان بڕییەوە، ڕێڕەوی ئاویان گۆڕی و خۆیان خستەمەترسییەوە لەپێناو دۆزینەوەی تەرمی ئەو کچە.

پەیامێک لە باشووری عێراقەوە

ئەمیر محەممەداویش لە کۆمێنتێکدا نووسیویەتی "پەیامێک لە باشووری عێراقەوە بۆ برایانی کورد، دار و بەردەکانتان هەڵکەند و ڕێڕەوی ئاوتان گۆڕی، ژیان و بژێوی خۆتان خستەمەترسییەوە لەپێناو دۆزینەوەی کچەکەی کەربەلا، ڕەزامەندی خودا و گەلتان بەدەستهێنان. هیچ وشەیەک نییە بتوانێت گوزارشت لە قەبارەی ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەتان بکات، سەلماندتان مرۆڤایەتی یەک زمانی هەیە کاتێک خاوەنی دڵەپاکەکان قسەی پێدەکەن، هەروەها پیاوەتی مەزهەب، ئایین و نەتەوە نازانێت".

پەیجێکی دیکە بەناوی قەزای مەحمودیە، نووسیوویەتى هەڵوێستێکی کە وەسف ناکرێت، کوردەکانی عێراق هاتوونەتە سەر شەقام بۆ ماڵئاویی کردن لە کچەکەی کەربەلا، هەڵوێستێکی جوامێرانەیە کە پڕە لە خەم و مرۆڤایەتی کە هیچکات لە بیر ناکرێت.

پەیجی ئەلخوە ئەلنەزیفە لە پۆستێکدا ستایشی ماڵئاوایی خەڵکی هەڵەبجە و خورماڵ لە تەرمی ئەو کچە خنکاوە دەکات و نووسیویەتی "خەڵکی هەڵەبجە لە دیمەنێکی کاریگەردا دوای 10 ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوام لە ئاوی زەڵم، چوانترین وێنەی مرۆڤایەتییان پیشاندا و لەگەڵ کەسوکاریی ئەو کچەدا مانەوە لەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتبوو".

عەلی خەزعەلی لە پەیامێکدا بە زمانی کوردی لە کۆمێنتێکدا بۆ پۆستێکی فەیسبووک لەسەر ڕێوڕەسمى گەڕاندنەوەی تەرمی ڕوقەیە بۆ کەربەلا بە کوردی ئەم کۆمێنتەی نووسیویەتی، کە ستایشی خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان دەکات.

بەشێکی دیکە دەڵێن، لە هەڵەبجە کورد و عەرەب، سوننە و شیعە لەیەکڕیزدا وەستاون و نوێژی مردوو لەسەر تەرمی ڕوقەیە دەکەن، کاتێک ئەو کچە خنکان کەس پرسیاری نەکرد، کوردە یان عەرەب، شیعەیە یان سوننە، هاوڵاتییان هەڵەبجە و کوردستان، هەڵوێستێکی مرۆڤانەی بێ وێنەیان پێشکەش کرد.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا