سێنتکۆم: ئەمڕۆ گەمارۆى دەریایى سەر ئێران هەڵگیرا
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی ڕاگەیاند و گوتیان چیدیکە ڕێگری ناکەن لە تێپەرینی کەشتییەکان لە ئێرانەوە یان بۆ ئێران، جەختیان لەوەش کردەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واشنتن و تاران، کەشتییە جەنگییە گەورەکانیان لە ناوچەکە دەمێننەوە.
بە ڕێنمایی سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران هەڵگیرا
سێنتکۆم لە ڕاگەیێنراوێکدا تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: "بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا سەرجەم گەمارۆکانی سەر هاتوچۆی دەریایی ئێرانی هەڵگرت، ئەمەش ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە لە بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێرانەوە تێدەپەڕن، یان بەرەو ئەو بەندەرانە دەڕۆن".
ڕێگری ناکرێت لە تیپەڕبوونی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران
بەگوێرەی سێنتکۆم، چیدیکە هێزەکانی ئەمریکا ڕێگری ناکەن لە تێپەرینی کەشتیەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران یان بەپێچەوانەوە لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان.
هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێنێتەوە
ئەوەشیان خستەڕوو کە ئێستا هەموو هەوڵەکانی جێبەجێکردنی گەمارۆی سەربازی ئەمریکا وەستان، بەڵام کەشتییە دەریاییە گەورەکان لە ناوچەی گشتیدا دەمێننەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.
2 کاتژمێر پێش ئێستا