پارێزگارى کەربەلا: چەند رۆژى داهاتوو سەردانى هەڵەبجە دەکەین و لە نزیکەوە سوپاسیان دەکەین
لەپاش گەیشتنەوەى تەرمى ڕوقییە بە زێدى خۆى، بەیاوەرى شاندێکى حکومەتى خۆجێیی و ژمارەیەک هاونیشتمانیی هەڵەبجە، پارێزگارى کەربەلا بەگەرمى پێشوازیی لێکردن و ڕایگەیاند، خەڵکى شارەکەم ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەى خەڵکى هەڵەبجە لەیاد ناکەن و سوپاسى حکومەتى خۆجێیی و خەڵکى پارێزگاکەشیان کرد.
سەردانیکردنی هەڵەبجە و لە نزیکەوە سوپاسکردنی خەڵکەکەی
گوتیشى، ئەوەى بینیمان و لەهەڵەبجە بۆ دۆزینەوەى تەرمى روقیە کرا، وامان لێدەکات چەند ڕۆژى ئایندە سەردانى هەڵەبجە بکەین و لەنزیکەوە سوپاسیان بکەین.
لەوبارەیەوە نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا گوتی " زۆر سوپاسى هەڵوێستى مرۆڤانەى ئەم برایانەمان دەکەم، زۆر سوپاسى خەڵکى هەڵەبجە دەکەم، زۆر سوپاسى خوشکى خۆشەویستمان پارێزگارى هەڵەبجە دەکەم، لەیەکەم ساتى ڕووداوەکەوە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدابووە لەگەڵمان، زۆر سوپاسى بەڕێز، قایمقام، بەڕێزان بەڕێوەبەرى ناحیە و بەڕێز عەمید و نووسینگەى پارێزگار دەکەین کە یاوەریی تەرمى روقیەیان کرد، بینیمان چۆن دەستیان بەگەڕانکرد بۆماوەى نۆ ڕۆژ، لەکاتى دۆزینەوە و بەڕێکردنیشى هەڵوێستى گەورەمان بینى لەوان: هەڵوێستى گەورەى حکومى، هەڵوێستى برایانە و کۆمەڵایەتى لەلایەن خەڵکى ناوچەکە، زۆر سوپاسیان دەکەین، پشتیوان بەخودا پاش چەند رۆژێکى دیکە سەردانى پارێزگاى هەڵەبجە دەکەین بۆ گەیاندنى ڕێز و سوپاسى خەڵکى پارێزگاى کەربەلا و خێزانى کۆچکردوو بەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەى نیشاندرا".
2 کاتژمێر پێش ئێستا