زەیدی ئاڵوگۆڕ بە کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان دەکات؛ ئاڵوگۆڕەکە لە 48 کاتژمێردا ئەنجام دەدرێت
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج بڕیاری تایبەت بە کارکردنی دەروازە سنوورییەکان دەردەکات و فەرمان دەکات، لەماوەی 48 کاتژمێردا سەرجەم کارمەندانی دەروازەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت.
پێنج بڕیار لەبارەى دەروازکان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بە دەرئەنجامی کۆنگرەی ڕۆژی 15ـی ئەم مانگە، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، عەلی زەیدی پێنج بڕیاری تایبەتی بە کارکردنی دەروازە سنوورییەکان دەرکردووە.
لە ماوەى 48 کاتژمێر جێبەجێ بکرێت
بە گوێرەى بڕیارەکانی زەیدی، پێویستە سەرجەم کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان بەبێ جیاوازی و لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، هەروەها دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕاپۆڕتێک لەوبارەیەوە بەرز بکاتەوە و بیسەلمێنێت ئەو فەرمانەی جێبەجێکردووە.
فەرماندەیی هێزەکانى ناوخۆ و سنوور پابەندبن
سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی هێزەکانی سنوور پابەند دەکات، بە داخستنی سەرجەم ڕێگە و دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی وشکانی و دەریایی و گۆڕینی سەرجەم فەرماندەی لیوا و یەکەکانی سەر بە هێزەکانی سنوور.
ئەفسەرانى تەنسیب لە وەزارەتى ناوخۆ
زەیدی داواى گەڕانەوەی سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەندانە دەکات بۆ وەزارەتی ناوخۆ، کە بە تەنسیب ڕەوانەی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کراون لە ماوەی 48 کاتژمێردا بەبێ جیاوازی.
دەزگا ئەمنییەکان خرانە حاڵەتى ئامادەباشییەوە
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی وەک نووسینگەی دەزگای هەواڵگری، نووسینگەی هەواڵگری ناوخۆ، پۆلیسی گومرگ، تیمی تەقەمەنی، هۆبەی ماددەهۆشبەرەکان و تیمەکانی K9، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و ڕیگەنەدەن هیچ ماددەیەکی قەدەغەکراو لە دەروازەکان تێپەڕێنرێت.
بەبێ پشکنین نابێت هیچ تێپەڕێت
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانبەرانی دەروازە سنوورییەکان پابەند دەکات، پشکنین بۆ سەرجەم ئەو کاڵایانەی دێنە وڵاتەوە بکەن، دەشڵێت، نابێت هیچ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلێک بەبێ ئەنجامدانی پشکنین تێپەڕێنرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا