ئێران: هیچ باجێک لەو کەشتییانە وەرناگرین بە گەرووی هوورمزدا تێدەپەڕن
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وردەکاریی ڕێکارەکانی تایبەت بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بە گەرووی هوورمزدا ڕاگەیاند و دەڵێت، بەگوێرەى لێکگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا، هیچ باجێک وەرناگرن.
بڕگەى پێنجى لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد
ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بە گوێرەى بڕگەی پێنجەم لە لێکگەیشتنی ئیسلامئاباد، هیچ باجێک بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمزدا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ وەرناگیرێت.
60 ڕۆژ بەبێ باج
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەشتییانەی ئارەزوومەندن بە گەرووەکەدا تێپەڕن، پێویستە داواکاریی تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمزدا پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ هیچ بڕە پارەیەکیان لێوەربگیرێت، حکومەتی ئێران لەو ماوەیەدا ئەو تێچووە دەگرێتە ئەستۆ.
ئامانجى لێکتێگەیشتنەکە
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی کەنداوی فارس، ڕێنمایی پێگەیشتووە، کە بەخێراییەکی زۆر وەڵامی داواکارییەکانی تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا بدەنەوە، بەشێوەیەک گرەنتیی بەدیهاتنی زۆرترین ئامانجی لێکتێگەیشتنەکە بهێنێتەدی.
ڕەخساندنى کەشى ئارام بۆ تێپەڕینى کەشتییەکان
ئەنجوومەنەکە جەختلەوە دەکاتەوە، گرەنتیکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان و ڕێگەگرتن لە ڕووداوی هاتوچۆ، وادەخوازێت کەشتییەکان پابەندی ئاڕاستە و ئەو وادانە بن کە بۆیان دیاری دەکرێت، کە دەبێتە هۆکاری زیاتربوونی جووڵەی کەشتییوانی بەشێوەی پلەبەندی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران باسلەوە دەکات، "ئامادەکاری و وردەکارییە تەکنیکییەکانی تایبەت بە تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمزدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕادەگەیێنرێت".
2 کاتژمێر پێش ئێستا