کەشناسیی عێراق: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق، پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات و دەڵێت، ئاسمان بە گشتیی ساماڵ دەبێت و پلەی گەرماش دەگاتە 50ـی پلەی سیلیزی.
کەشوهەواى شەممە
دەستەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، ڕۆژی شەممە لە تەواوی عێراق ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش بە گشتیی بەروارد بە ڕۆژی هەینی بەرزدەبێتەوە.
پلەکانى گەرما
بەگوێرەى پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق، سبەی پلەی گەرما لە سلێمانی 41، هەولێر و نەینەوا و ئەنبار 44، کەرکووک 45، سەڵاحەدین 46، بەغداد، دیالە و کەربەلا 47، بابل، دیوانییە، موسەننا، نەجەف، واست و بەسڕە 48 و زیقاریش 49 پلە دەبێت.
کەشوهەواى یەکشەممە
کەشناسیی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، ڕۆژی یەکشەممە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق، بەروارد بە ڕۆژی شەممە دابەزینێکی کەم تۆمار دەکەن، بەڵام لە باشوور وەک خۆی دەمێنێتەوە.
کەشوهەواى دووشەممە
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەی کەشناسیی عێراقدا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە، جارێکی دیکە پلەکانی گەرما لە تەواوی عێراق دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن.
کەشوهەواى ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو
کەشناسیی عێراق باسلەوە دەکات، ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە پلەکانی گەرما لە تەواوی عێراق بەرزدەبنەوە و لە هەندێک ناوچەی باشووری وڵاتەکە، پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا