ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشى ئاسمانیى کردە سەر باشوورى لوبنان

رێبوار حەمەوەیس 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتى هێرشێکى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لە باشوورى لوبنان
ساتى هێرشێکى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لە باشوورى لوبنان

هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەردەوامن، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو هێرشى کردووەتەوە سەر ئامانجەکانى حیزبوڵا لە چەند ناوچەیەکى باشوورى لوبنان، تەندروستیی لوبنانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکاندا 51 کەس بوونەتە قوربانى

ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرش

سەربارى ڕێککەوتنى ئەمریکا و ئێران و واژۆکردنى یاداشتێکى لێتێگەیشتن، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانى بۆسەر لوبنان، ئەمڕۆ هەینى، سوپاى ئیسرائیل لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، شەوى ڕابردوو زنجیرەیەک هێرشى ئاسمانیى کردووەتە سەر ژێرخان و چەکدارانى حیزبوڵا لە چەند ناوچەیەکى باشوورى لوبنان.

هێرشەکان وەڵامدانەوە بووە

جەختیشیکردووە، هێرشەکان وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانى ئاگربەست لەلایەن گرووپەکانى پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە.

شەڕى حیزبوڵا و سوپاى ئیسرائیل

پێشتریش حیزبوڵا ڕایگەیاندبوو، چەکدارەکانى لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لە باشوورى لوبنان سێ تانکى ئیسرائیلییان تێکشکاندووە.

کوژران لە ڕیزەکانى سەربازانى ئیسرائیل

میدیاى ئیسرائیلیش، کوژرانى چوار سەربازى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، کە فەرماندەى کەتیبەیەکى مووشەکى دژە قەڵغانە.

قوربانى لە باشوورى لوبنان

هاوکات وەزارەتى تەندروستى لوبنان بڵاویکردەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانى شەوى ڕابردووى ئیسرائیل 18 کەس لە باشوورى لوبنان کوژراون و 33 کەسى دیکەش برینداربوون.

ئامارى گشتى

بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، لە دووى ئازارى ڕابردووشەوە، تاوەکو 18ـى حوزەیران، سێ هەزار و 912 کەس کوژراون و 11 هەزار و 873 کەسى دیکەش برینداربوون.

ئیسرائیل پابەندى ڕێککەوتنى ئێران و ئەمریکا نابێت

هەروەها پێگەى ئەکسیۆس، لە زارى ڕاوێژکارێکى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلەوە ئاشکرایکرد، ئیسرائیل خۆى پابەند ناکات بەو بەندانەى لە یاداشتەکانى نێوان ئەمریکا و ئێراندا تایبەتن بە لوبنان.

بەگوتەى ئەو ڕاوێژکارە، نەتانیاهوو، بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاى گوتووە، ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە باشوورى لوبنان دەستى بەسەردا گرتوون، ئەگەر بێت و حیزبوڵا بە تەواوەتى لە چەک دانەماڵرێت.

رێبوار حەمەوەیس

4 کاتژمێر پێش ئێستا