وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق گۆڕین و دوورخستنەوەى بەرپرسانیان دەستپێکردووە
هاوکات لەگەڵ گۆڕینى بەرپرسانى باڵاى عێراقى، لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، وەزارەتەکانیش لادان و گواستنەوەى بەرپرسان و فەرمانبەرانیان دەستپێکردووە، لە هەردوو وەزارەتى کارەبا و دارایی، چوار بەرپرس دوورخراونەتەوە و 72 فەرمانبەریش گواستراونەتەوە.
گواستنەوە بەهۆى کەمتەرخەمى
بەگوێرەى نووسراوێک، وەزارەتى کارەباى عێراق، بڕیاریداوە بەرپرسى کارەباى ناوچەى کەرخى بەغداد لە پۆستەکەى ببەخشێت و کەسێکى دیکە بخاتە شوێنى، هاوکات 70 فەرمانبەرى لە بەغداد بەهۆى کەمتەرخەمى لە جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان گواستووەتەوە.
دوورخستنەوە لە کارەباى ئەبوغرێب
هەروەها وەزارەتى کارەبا لە نووسراوێکى دیکەدا، سێ بەرپرسى کارەباى ئەبوغرێبى دوورخستووەتەوە و شوێنگرەوەى بۆ داناون.
کۆتاییهێنان بە گرێبەستى فەرمانبەر
لەلایەکى دیکەشەوە، وەزارەتى دارایی عێراق کۆتایی هێناوە بە گرێبەستى هەریەکە لە (سەڵاحەدین حامد) لە نووسینگەى وەزیر و (برین عەبدولسەلام) لە سندووقى عێراقى بۆ گەشەپێدان.
زنجیرە گۆڕانکارییەکانى عەلى زەیدى
فەرمانە کارگێڕیی و وزارییەکان، هاوکات لەگەڵ ئەو زنجیرە گۆڕانکارییانەى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، لە دامەزراوە باڵاکان دەستیپێکردووە، لەوانەش؛ ڕاسپاردنى عادل یاسرى بۆ سەرۆکایەتیی دەستەى وەبەرهێنان لە شوێنى حەیدەر مەکییە، دانانى شێخ مزاحم کەنعان بە ڕاوێژکارى سەرۆککۆمار بۆ کاروبارى دەوڵەت، دەنگۆى ڕاسپاردنى قاسم عەبوودى بۆ ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانی لە شوێنى قاسم ئەعرەجییش هەیە.
عەلى عەلاق پارێزگارى بانکى ناوەندیش پێوەبووە
هەروەها باس لە دوورخستنەوەى عەلى عەلاق لە پۆستى پارێزگارى بانکى ناوەندى و ڕاسپاردنى نزار ناسر بۆ شوێنگرتنەوەى دەکرێت، کە پێشتر بەڕێوەبەرى گشتیی نووسینگەى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر بووە لە بانکى ناوەندى، بەڵام تاوەکو ئێستا بە نووسراو ئاڕاستەى بانکى ناوەندیی نەکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا