وەزیرێکی ئیسرائیل هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگ دژی سووریا دەکات

ئارام یوسف 4 کاتژمێر پێش ئێستا
عەمیحای شیکلی، وەزیری کۆچبەرانی ئیسرائیل
عەمیحای شیکلی، وەزیری کۆچبەرانی ئیسرائیل

وەزیرى کۆچبەرانی ئیسرائیل، بەڵێنی هەڵگیرسانی جەنگ دژی سووریا دەدات و دەڵێت، دیمەشق و ئەنقەرە لە تاران زیاتر بۆ تەلئەڤیڤ جێگەی نیگەرانیین.

دواى ئێران سەرەى سووریایە

عەمیحای شیکلی، وەزیری کۆچبەرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "بەمنزیکانە یان لە داهاتوودا، جەنگ لە دژی سووریا ئەنجام دەدەین، چونکە سووریا و تورکیا، لە ئێران زیاتر جێگەی نیگەرانیین بۆ ئیسرائیل".

ئیسرائیل نیگەرانە لە قەتەر و تورکیا و پاکستان

ئەو وەزیرەی ئیسرائیل نیگەرانە لە وڵاتەکانی قەتەر، تورکیا و پاکستان و دەڵێت، ئەو بەرەیە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکایان بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ داڕشتووە.

بونیادنانەوەى ئێران ئیسرائیلى توڕە کردووە

عەمیحای شیکلی دەشڵێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، دووبارە بونیادنانەوەی ئابووریی ئێرانە، کە بەهۆی جەنگ و گەمارۆکانەوە ماوەی چەندین دەیەیە زیانی بەرکەوتبوو.

بەرەى شەڕ بەرەى مەترسیدار

وەزیرەکەی ئیسرائیل بەرەی قەتەر، تورکیا و پاکستان بە بەرەی شەڕ ناودەبات و دەڵێت، بەرەیەکی شەڕی سوننی تووندڕەو و زۆر مەترسیدارن.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، هیچ وەڵامێکی ئەو قسانەی وەزیرەکەی ئیسرائیلیان نەداوەتەوە.

ئارام یوسف

4 کاتژمێر پێش ئێستا