ڕێنماییەکى وەزارەتى دارایی هەناردەى ئۆتۆمبێلى دابەزاند بۆ خاڵى سفر
وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى 15ى ئەم مانگەوە ڕێنماییەکى نوێى بۆ هەناردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەى هەرێمى کوردستان خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەى بەدواداچونێکى کەناڵ8، ڕێنماییە نوێیەکە ئەوەندە مەرجى قورسى تێدایە هەناردەى ئتۆمبێلى دابەزاندووە بۆ خاڵى سفر.
مەرجى هەناردەکردن چیە؟
ڕێنماییەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان بەژمارە 7845 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگ لە 10ـى حوزەیران دەرکراوە، مەرجى هەناردەى ئۆتۆمبێلى بەستۆتەوە بە تۆمارکردنى ئۆتۆمبێلەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆ، پاشان پێدانەوەى تابلۆى ئۆتۆمبێلەکە بە خاوەنەکەى، پاش ئەم ڕێکارانە ئۆتۆمبێل هەناردەدەکرێت و لەگەڵ ئەمەش ڕێگەپێدان بە هەناردەکردنى ئۆتۆمبێل بەتەنیا دراوەتە کۆمپانیاکان.
بە بڕیارە نوێیەکە ئۆتۆمبێل هەناردە کراوە؟
بەگوێرەى بەدواداچونەکەى کەناڵ8، لە ڕۆژى 15ـى ئەم مانگە ئەم ڕێنماییە نوێیە خراوەتە جێبەجێکردنەوە تاوەکو ئێستا یەک ئۆتۆمبێل هەناردەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان نەکراوە و بەرپرسێکى خودى وەزارەتى دارایی دەشڵێت، هیچ بازرگانێک بەتایبەت ئەوانەى لە دەرەوە دێنە هەرێمى کوردستان بۆ کڕێنى ئۆتۆمبێل ئامادەنییە ئۆتۆمبێلى ژمارە کاتى بباتە بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆى هەرێمى کوردستان و تۆماریان بکات و پاشان تابلۆکەى بگەڕێنێتەوە، بۆیە بە بڕیارە نوێیەکە ئۆتۆمبێل هەناردەنەکراوە.
ئۆتۆمبێلى بەکارهاتوو هەناردە بکرێت
لە رێنماییەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورىى هەرێمى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، بڕیارەکە بۆ ڕێگرى لە هەناردەکردنى بە لێشاوى ئۆتۆمبێلى نوێ، دەیانەوێت ئۆتۆمبێلى بەکارهاتوو هەناردە بکرێت، بەڵام دەرئەنجامى سەرەتایی دەرکەوتووە هەناردەى ئۆتۆمبێلى بە تەواوى وشک کردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا