سەرچاوەیەکی ئێران هۆکاری دواخستنی دانوستانەکەی ئەمڕۆی سویسرا ئاشکرا دەکات
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی ئێرانی هۆکاری نەچوونی شاندی وڵاتەکەی بۆ سویسرا و ئەنجامنەدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بووە.
پێشێلى مەرجە سەرەکییەکانى یاداشتەکە
یەکێک لە خاڵەکانی یاداشتنامەی نێوان تاران و واشنتن ڕاگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان و بە لوبنانیشەوەیە، ئەو بەرپرسە ئێران دەڵێت، لای ئێرانییەکان، ئیسرائیل پێشێلی یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی یاداشتەکەی کردووە کە وەستانی جەنگە لە هەموو بەرەکانەوە بە لوبنانیشەوە.
فەرەنسا داواى پابەندبوون دەکات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش داوای پابەندبوونی تاران واشنتنی بە خاڵەکانی یاداشتنامەکە و ڕاگرتنی جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان کرد.
ئەمریکا بەرپرسیارە لە ڕاگرتنى ئیسرائیل
لە دواین لێدوانیدا ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، دوای واژۆکردنی یاداشتەکە "ئەمریکا بەرپرسیار دەبێت لە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان".
سویسرا ئەنجامنەدانى دانوستانەکەى ئاشکراکرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتى دەرەوەى سویسرا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە وڵاتەکەمان بەڕێوەناچێت" و کۆشکی سپیش گوتی، کێشە لۆجستییەکانی پەیوەست بە دانوستانەکان وایکردووە جەی دی ڤانس گەشت بۆ سویسرا نەکات.
ئەمڕۆ بڕیار بوو هەنگاوە گرنگەکە بنرێت
دوای واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی یەکەم دانوستانی نێوانیان بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
بە ئەلیکترۆنى واژۆکرا
شەوی 17 لەسەر 18 هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان یاداشتى لێکتێگەیشتنى ئەمریکا و ئێرانیان بەشێوەى ئەلیکترۆنى واژۆ کرد.
4 کاتژمێر پێش ئێستا