ڕۆیتەرز: ئێران شانەى نوێى چەکدارى لە عێراق دروستکردووە
سوپاى پاسدارانى ئێران، شانەى نوێى چەکداری لە عێراق دروستکردووە، بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانى کەنداو.
هێرش بۆسەر وڵاتانى کەنداو
ئاژانسى ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیاریی ئەمنى و هەواڵگریی هەشت سەرچاوەى عێراقى ئاشکرایکردووە، سوپاى پاسدارانى ئێران، شانەى نهێنى نوێى لە عێراق دروستکردووە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى کەنداو کە پێگەى هێزەکانى ئەمریکاى تێدایە.
سێ بۆ چوار شانە هەریەکەى 10 چەکدار
سێ لە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، سێ بۆ چوار شانە کە هەریەکەیان پێکهاتووە لە 10 چەکدارى دەستەبژێرى شیعە، لە ناوچە بیابانییەکانى نزیک هەردوو پارێزگاى بەسڕە و سەماوە، لە نێوان 20ـى نیسان بۆ 17ـى ئایار لانى کەم حەوت هێرشیان بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر پێگەکان لە کوەیت و سعودییە و ئیمارات.
شانەکان سەربە مقاوەمەى ئیسلامین
بەگوێرەى سەرچاوەکان، ژمارەیەک لە چەکدارانى شانەکان سەر بە مقاوەمەى ئیسلامین لە عێراق، کە هاوپەیمانێتییەکە پێکهاتووە لە گرووپە توندڕەوەکانى شیعە و هەزاران چەکداریان هەیە، بەڵام ئەم شانە نوێیانە لە دەرەوەى سەرکردایەتیی مقاوەمەوە کاردەکەن و ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانیان بۆ سوپاى پاسداران بەرز دەکەنەوە.
میکانیزمەکانى سوپاى پاسدارن
هەروەها پێنج فەرماندە لە گرووپە چەکدارەکان ڕایانگەیاندووە، پێکهێنانى شانەى نوێ لە عێراق، کارێکە پێشتر ئاشکرا نەکراوە، ئەوەش بە گۆڕانکاریی لە میکانیزمەکانى کارکردنى سوپاى پاسداران دادەنرێن، بە ئامانجى پاراستنى تواناکانى ئێران لە سەپاندنى هەژموونى لە ناوچەکە، لەکاتێکدا کە گرووپە چەکدارەکانى لایەنگرى بەشێوەیەکى بەرچاو لاواز بوون و سەرچاوە سەربازى و ئابوورییەکانیان بەرەو کەمبوونەوە چووە.
گرووپەکان میحوەرى مقاوەمەى سەربە ئێرانن
بەگوێرەى ڕاپۆرتەکەى ئاژانسى ڕۆیتەرز، لە عێراق ژمارەیەکى زۆرى گرووپى چەکدار هەن، کە زۆرێکیان پەیوەندییەکى توندوتۆڵیان لەگەڵ تاران هەیە و بوونەتە ڕەگەزێکى بنەڕەتى لە میحوەرى مقاوەمەى هەرێمى هاوپەیمانى ئێران کە لە غەززە و لوبنانەوە درێژدەبێتەوە یەمەن و عێراق.
ئەو گرووپانەى لە ژێر ئاڵاى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراقدان بەرپرسیارێتى خۆیان لە دەیان هێرشى مووشەکى و درۆنى بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندووە، لە کاردانەوەى ئەو هێرشانەشدا، ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکردنى هێرشەکانى بۆ سەر ئێران لە 28ـى شوباتى ڕابردوو، چەندین گورزى ئاسمانى لە گرووپە چەکدارەکانى ناو عێراق وەشاند.
چەکدانانى گرووپەکانى دیکە
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەندین گرووپى چەکدارى عێراقى، ئامادەییان پیشانداوە دەستبەردارى چەک ببن و ڕوو لە کارى سیاسى بکەن، بۆ خۆبەدوورگرتن لە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ.
پێشهاتەکان پاسدارانى ناچارکردووە
جاسم بەهادلى، لیواى خانەنشینى سوپاى عێراق و دوو پەرلەمانتارى شیعە، ئاماژەیان بەوەکردووە، لەوانەیە ئەم پێشهاتە نوێیە هانى سوپاى پاسدارانى دابێت بۆ درووستکردنى شانەى نوێ کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵى خۆیدا بن.
هەروەها دواى هۆشدارییە بەردەوامەکانى ئەمریکا بۆ حکومەتى عێراق، لە پێناو هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان، هەریەکە لە کەتیبەکانى ئیمام عەلى و بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق لەم مانگەدا بڕیاریاندا چەکەکانیان ڕادەستى دەوڵەت بکەن.
بەقەبارە بچووکتر بە ئایدۆلۆجى تووندڕەوتر
بەگوتەى جاسم بەهادلى کە شارەزاى گرووپە چەکدارەکانى شیعەیە، ئەو شانە نوێیانەى لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە دروستکراون، لەڕووى قەبارەوە بچوکترن، بەڵام لە ڕووى ئایدۆلۆجییەوە توندڕەوترن و زیاتر لەژێر کۆنترۆڵدان، ئەوەش نیشانەى پێویستى ئێرانە بە پاراستنى سەرچاوەکان، بەهۆى فشارە ئابوورییەکانى سەرى.
گرووپەکانى مقاوەمە لە دانوستانى ئێراندا
هەرچەندە ئەمریکا و ئێران ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو، یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، تاوەکو لە داهاتوودا دانوستان لەبارەى پرسە گرنگەکان بکەن وەک داهاتووى پرۆگرامى ئەتۆمى، بەڵام بەرپرسانى ئێرانى گوتوویانە پاڵپشتیی تاران بۆ گرووپەکانى مقاوەمە لە دانوستانەکاندا نابێت و ڕێککەوتنەکە ئەو بابەتە لەخۆ ناگرێت.
فشارەکانى ئەمریکا و هەڵوەشانەوەى ئامڕازەکانى ئێران لە عێراق
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە، دەبێت حکومەتى عێراق ڕێکارى دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئامڕازەکانى چالاکى ئێران بۆ تێکدانى سەقامگیریی لە عێراق، لەوانەش گرووپە چەکدارەکانى پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە.
کۆبوونەوەى تۆم باراک و عەلى زەیدى
هەروەها ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران و تۆم باراک نێردەى تایبەتى ترەمپ، کۆبوونەوە، بەگوێرەى ڕاگەیێندراوێکى هاوبەش، گفتوگۆ لە بارەى پلانى عێراق بۆ گرەنتى چەکداماڵینى تەواوەتى و هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکانى دەرەوەى کۆنتڕۆڵى دەوڵەت و گرەنتى بەکارنەهێنانى خاکى عێراقى بۆ هێرشەکان دژ بە ئاسایشى هەرێمى کرا.
شانە نوێکان لە گەرمەى جەنگى ئێران دەرکەوتون
هەر لە بارەى شانە نوێکان، سێ سەرچاوەى ئەمنى و سەربازى عێراقى ئاشکرایان کردووە، ئەو گرووپە نوێیانە لە گەرمەى ململانێکاندا لە عێراق دەرکەوتوون و زۆربەى کات لەژێر ناوى نامۆ و بە دەرکەوتنێکى زۆر سنووردار کاردەکەن، لانى کەم بە درۆن سێ هێرش بۆ سەر کوەیت و دوو هێرش بۆ سەر سعودییە و دوو هێرشیان کردووەتە سەر ئیمارات.
ئامانجى هێرشى شانە نوێکان
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ئامانجانەى هێرشیان کراوەتە سەر بریتی بوون لە بنکەى سالمى ئاسمانى لە کوەیت کە هێزەکانى ئەمریکاى تێدایە و باڵەخانەیەکى سەربازى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی کوەیت، سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، هێرشەکانى سەر سعودیە و ئیمارات بەرپەرچدراونەتەوە و نەزانراوە ئامانجەکانیان کوێ بووە.
بیانووى سوپاى پاسداران لە درووستکردنى ئەو گرووپانە چى بووە؟
بەگوێرەى ڕاپۆرتەکەى ئاژانسى ڕۆیتەرز، بەرپرسانى عێراقى گوتوویانە سوپاى پاسداران پەناى بردووەتە بەر دروستکردنى شانەى نوێ تاوەکو تواناى لۆجیکى هەبێت بۆ نکۆڵیکردن و دوورخستنەوەى بەرپرسیارێتى لە گرووپە سەرەکییەکان و کەمکردنەوەى فشارەکانى ئەمریکا لەسەر بەغداد بۆ چەکداماڵینیان.
شوێنپێى سەرکردەى گرووپەکان هەڵگیراوە
بەرپرسانى عێراقى ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکانى عێراق زانیاریی سنوورداریان لەسەر شانە نوێکان هەیە، بەڵام کار دەکەن بۆ ئاشکراکردنى زنجیرەى سەرکردایەتییان تاوەکو هاوکارییان بکات لەوەى لە داهاتوودا ڕێگرى لە هێرشى نوێ بکەن، ڕوونیشیانکردووەتەوە، ئەو شانانە چەکدارانى دەستەبژێر کە خاوەنى شارەزاییەکى زۆرن لە هێرشى درۆنى و پەیوەندییەکان لەخۆدەگرن.
باسیان لەوەشکردووە، لەبرى هێشتنەوەى تۆڕێکى فراوانى گرووپەکان کە پێویستییان بە پارەدارکردنى زۆر هەیە، پێدەچێت ئێران ئێستا پشت ببەستێت بە ژمارەیەکى سنووردار لە ئەندامى توندڕەو کە بە پاڵپشتییەکى کەمى دارایی ئامادەن کار بکەن، لەگەڵ پێدانى ئەولەویەت بە وەفادارى و تواناى نکوڵى و کاریگەریی چالاکى زیاتر لە برى ژمارەیەکى زۆر.
ئاڵنگارییەکى دیکەى بەردەم زەیدى
شانە نوێکان تاقیکردنەوەیەکى پێشوەختەن بۆ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران کە مانگى ڕابردوو دەستبەکاربووە و لەژێر فشارى ئەمریکادا هەڵمەتێکى فراوانى بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەستپێکردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا