وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل: دەبێت تەواوی لوبنان بسووتێنرێت

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل
ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل

ئەمڕۆ هەینی، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "دەبێت تەواوی لوبنان بسووتێنرێت،" ئەمەش دوای کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە باشووری لوبناندا.

ئیسرائیل: لەگەڵ ڕێزمان بۆ ئەمریکا دەبێت لوبنان بسووتێت

بن غەفیر کە هاوپەیمانی سەرەکیی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یەکێکە لە دیارترین سەرکردە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتەیە، گوتی: "لەگەڵ تەواوی ڕێزماندا بۆ ئەمریکییەکان، دەبێت ئیسرائیل بە ڕوونی بە جیهان ڕابگەیەنێت کە لەسەر خوێنی کوڕەکانمان و ئاسایشی هاووڵاتیانمان سازش ناکات؛ دەبێت تەواوی لوبنان بسووتێنرێت."

یەکەم زیانى گیانى لە دواى لێکتێگەیشتنەکە

بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی خۆی لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، ئەمەش یەکەم زیانی گیانیی سوپای ئەو وڵاتەیە لە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بڕیار بوو پشوویەک بە بەرەکانی شەڕ لە لوبنانیش ببەخشێت.

هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەردەوامن، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو هێرشى کردووەتەوە سەر ئامانجەکانى حیزبوڵا لە چەند ناوچەیەکى باشوورى لوبنان، تەندروستیی لوبنانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکاندا 51 کەس بوونەتە قوربانى.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ کە بڕیاربوو لە شاری جنێڤی سویسرا، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران فەرمی دەستپێبکەن، دواخرا.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا