بەرپرسێکی ئیسرائیل وردەکاری نوێ لەسەر کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئاشکرا دەکات
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، زانیاریی نوێ و نەبیستراو لەسەر ئۆپراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵای لوبنان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە چەند چرکەیەکدا بە زیاتر لە 80 بۆمب شوێنەکەیان بۆردوومان کردووە، تاوەکو 12 کاتژمێریش ڕێگەیان نەداوە هیچ کەسێک لەو شوێنە نزیک ببێتەوە بۆ ڕزگارکردنی.
83 بۆمب لە چەند چرکەیەکدا
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە وردەکاریی نوێی بە ڕۆژنامەی مەعاریف گوتووە و ڕایگەیاندووە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەماوەی چەند چرکەیەدا 83 بۆمبیان ئاڕاستەی ئەو شوێنە کردووە کە ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای تیادا بووە، دواتریش هەمان ژمارە مووشەکیان ناوە بە شوێنی مانەوەی جێگرەوەکەی، کە ئەویش هاشم سەفییەدین بووە و کوشتوویانە.
حەشارگەکانى نەسڕوڵا
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە کە پۆستی باڵای سەربازیی هەیە ڕایگەیاندووە، نەسروڵڵا شوێنی زۆر پارێزراوتری هەبوو بۆی بچێت، بەڵام ئەو حەشارگەیەی هەڵبژاردووە کە تیایدا تیرۆرکرا، حەشارگەیەک بوو لەژێر باڵەخانەیەکی چەندین نهۆمی.
هێرش بۆسەر حەشارگەکەى نەسڕوڵا
بەگوتەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، هێرشی سەر ئەو شوێنە چەند چرکەیەکی خایاندووە، فڕۆکەکانیان چەندین بۆمبیان ئاڕاستەکردووە، لەپێناو بەندکردنی ئەو کەسانەی لەناو حەشارگەکە بوون و ڕێگە نەدەن دەربازیان بێت.
12 کاتژمێر ڕێگریکردن لە هەوڵەکانى ڕزگاربوون
دەشڵێت، پێش ئۆپراسیۆنەکە بە فەرماندەی یەکەی ڕزگارکردنی لە بەرەی ناوخۆیی گوتووە، چەند کات پێویستە بۆ گەیشتن بە شوێنێکی وێرانکراوی هاوشێوەی ئەو حەشارگەیەی نەسروڵڵای تیادا دەبێت، لە وەڵامدا پێیانگوتووە، شەش کاتژمێر، بەڵام دەیزانی لوبنانییەکان توانایان کەمە و ڕێکخراو نین، بۆیە بۆ ماوەی 12 کاتژمێر، ڕێگرییان لە هەموو هەوڵێکی ڕزگارکردن کردووە.
دڵنیابوونەوە لە مردنى نەسڕوڵا
لەبارەى هۆکاری ئەو ڕێگرییانە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، "ویستمان دڵنیابینەوە کە نەسروڵڵا کۆتایی دێت، ئەگەر بەهۆی برینداربوونی ڕاستەوخۆوە بێت یان بەهۆی خوێنبەربوون یان خنکانەوە بەهۆی نەمانی ئۆکسجین".
تەنیا حەشارگەکە نەکراوەتە ئامانج
باسلەوەش دەکات، سوپای ئیسرائیل تەنیا ئەو حەشارگەیەی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ئەو باڵەخانەیەی سەر حەشارگەکەشی خاپوور کردووە.
بەئامانجگرتنى ئەوانەى هاتوون بۆ دەرهێنانى نەسڕوڵا
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، دوای هێرشەکە بینیویانە ماتۆڕسکیلێک هەوڵیداوە بگاتە ناوچەکە، کەسێک ویستویەتی لەڕێگەی دەروازەیەکی نزیکەوە بگاتە شوێنەکە و ئەو کەسانەی ناو حەشارگەکە ڕزگار بکات، هەروەها دواتر ئامێرێکیان هێناوە بۆ ڕزگارکردنی نەسروڵڵا و ئەوانەی لەگەڵیدابوون، بەڵام کردوویانەتە ئامانج، دواتر دوو ئامێری دیکەیان هێناوە بۆ ڕزگارکردنیان، هەردوو ئامێرەکەیان تێکشکاندووە و ڕێگە نەدراوە بگاتە شوێنى ڕووداوەکە.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵای لوبنان، ڕۆژی 27ـی ئەیلولی 2024، لە زاحییەی بەیروت و لەکاتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەو حیزبە لە هێرشێکی چڕی ئیسرائیلدا کوژرا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا