لە عێراق پڕۆژەیاسایەک بۆ دامەزراندنى دەرچووانى دێرین ئامادەکراوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵیی عێراق
ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵیی عێراق

ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی، ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای دامەزراندنی دەرچووانی دێرین ئاشکرا دەکات، کە دامەزراندنی 150 هەزار پلەی فەرمانبەری لەخۆ دەگرێت.

پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرچووان

فازڵ غەڕاوی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی، ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆژەیاسای دەرچووانی دێرین لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە خراوەتە ڕوو، بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە زیاتر لە 5 ساڵ بەسەر دەرچوونیان دا تێپەڕیوە.

گرتنەوەی سەرجەم چین و توێژەکان

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی گوتیشی، پڕۆژەکە وەڵامێکە بۆ داواکاریی دەرچووان کە لە ڕابردوودا یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە دامەزراندن نەیگرتوونەتەوە، هاوشێوەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان، یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا.

دامەزراندن لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2026

ڕوونیشی کردەوە، داواکارییەکان کارکردن بۆ سفرکردنەوەی ژمارەی دەرچووانی دێرین و دامەزراندنی 150 هەزار پلەی فەرمانبەری لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی ساڵی 2026 لەخۆ دەگرێت، ئەوەش لە پێناو سوودمەندبوونی سەرجەم توێژەکان لە پڕۆژەیاساکە و هەڵوەشاندنەوەی مەرجی لەپێشینەیی لە ڕێکارەکانی دامەزراندن.

چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافییەت

بە گوتەی غەڕاوی، لە پڕۆژەیاساکە دا داوا کراوە گۆڕانکاری لە لایەنی دامەزراندنی دەرچووانی دێرین بکرێت و تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی دا بێت، لە پێناو بەهێزکردنی بنەماکانی دادپەروەری، شەفافییەت و یەکسانیی دەرفەت لە ڕێکارەکانی دامەزراندنی حکومیدا.

ئاماری دەرچووان و فشارەکان بۆ دامەزراندن

لە ئەمساڵدا دەرچووانی دێرین لە بەغدا، بەسرە و شارەکانی دیکەی عێراق، چەندین جار خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ دامەزراندنیان بکەن؛ بەگوێرەی ئامارەکان 150 هەزار دەرچوو کە زیاتر لە 5 ساڵ بەسەر دەرچوونیان دا تێپەڕیوە، لە عێراقدا هەن و دانەمەزراون.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا