ئێران: بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کەشتییەکان لە باجی تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمز دەبەخشرێن
دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمزی ئێران ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 60 ڕۆژ و بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆیان کردووە، کەشتییەکان لەو باج و ڕسووماتانە دەبەخشرێن کە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمزدا بڕیاری لێدراوە.
مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکاریی تێپەڕبوون
دەستەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەشتیانەی کە دەیانەوێت لەو ماوەیەدا بە گەرووەکەدا تێبپەڕن، دەبێت لانی کەم 48 کاتژمێر پێش گەیشتنیان، داواکاریی تێپەڕبوون پێشکەش بکەن.
جۆری ئەو باجانەی کەشتییەکان لێی دەبەخشرێن
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لەو ماوەیەدا ئێران کەشتییەکان لە باجی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، ژینگەییەکان، سەلامەتی و دڵنیایی دەبەخشێت، لەگەڵ پابەندکردنیان بە هەماهەنگیکردنی پێشوەختەی ڕێڕەو و کاتەکانی تێپەڕبوونیان، بەهۆی بوونی مین لە ناوچەکە و هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی دەریاوانی.
دەستپێکردنەوەی جموجۆڵی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا
لەگەڵ واژۆکردنی لێکگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، جموجۆڵی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز دەستی پێکردەوە و بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕەکانی چاودێریی جووڵەی ئاوی گەرووەکە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک کەشتی دەستیان بە جووڵە کردووە و ژمارەیەکیشیان گەرووەکەیان تێپەڕاندووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا